بانكی ناوەندی عێراق لەبارەی دۆلارەوە هۆشداری دەدات

:: AM:11:48:16/02/2026 ‌
بانكی ناوەندی عێراق ڕێنوێنیی نوێی ئاراستەی سەرجەم بانك و دامەزراوە داراییەكان كرد، تێیدا دووپات دەكاتەوە كە دەبێت كۆتایی بە دیاردەی جیاكاریی لە نێوان چاپە جیاوازەكانی دۆلاری ئەمەریكی بهێنرێت.

لە گشتاندنێكدا كە ئەمڕۆ دووشەم 16ی شوبات بڵاو كراوەتەوە، بانكی ناوەندی ڕای گەیاند: پێویستە هەموو بانكەكان و نووسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو، پابەندی ڕێنوێنییەكان بن و هیچ جیاوازییەك لە نرخ یان وەرگرتنی دۆلاری چاپی كۆن و نوێ كە لە ناوخۆدا بە دۆلاری سپی و شین ناسراون نەكەن.

ئاماژە بەوە كراوە، نابێت بە هیچ شێوەیەك نرخی دۆلاری چاپی كۆن لە چاپی نوێ كەمتر بێت و دەڵێت: بانكی ناوەندی بەردەوامە لە وەرگرتنی هەموو جۆرە چاپەكان لە بانكەكان، بەو مەرجەی تەنیا مەرجە نێودەوڵەتییەكانی تێدا بێت و ساختە نەبێت.

بانكی ناوەندی ئاماژەی بەوەش كردووە، ئەم هەنگاوە بۆ پاراستنی مافی هاووڵاتییان و ڕێگریكردنە لە شێواندنی بازاڕی دراو، جگە لەوەش لە ڕووی یاسایی و داراییەوە هیچ جیاوازییەك لە نێوان چاپە جیاوازەكانی دۆلاردا نییە و هەر بانكێك یان كۆمپانیایەك پابەند نەبێت، ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.

ئەم بڕیارەی بانكی ناوەندی دوای ئەوە دێت، لە بازاڕەكاندا بەهۆی جیاوازیی ساڵی دەرچوونی تێبینییەكانی دۆلار، هاووڵاتییان ڕووبەڕووی كێشە و كەمكردنەوەی نرخ دەبوونەوە.



وشە - سۆران عەزیز