ئەگەرچی مانگی رەمەزانە بەڵام مریشك هەرزانە و هەرزانتریش دەبێت

:: AM:10:01:18/02/2026 ‌
ئەگەرچی بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر پێداویستییەكانی رۆژانە لە مانگی رەمەزاندا گران دەبن، بەڵام ئەمساڵ بەپێچەوانەی ساڵانی ترەوە نرخی مریشك هەرزانە.

هەموو ساڵێك لە مانگی رەمەزاندا خواست لەسەر گۆشتی مریشك زیاد دەبێت و ئەمەش وا دەكات نرخی زیاتر بێت، بەڵام ئەمساڵ نرخەكەی بەپێچەوانەی ساڵانی پێشووەوە هەرزانە.

سامی تەها مریشكفرۆش لە هەولێر بە"وشە"ی رای گەیاند، "لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزان، هەموو ساڵێك نرخی گۆشتی مریشك گران دەبوو، بەڵام ئەمساڵ تا ئێستە نرخی گۆشتی مریشك هەرزانە.

گوتیشی لە مانگی رەمەزاندا گۆشتی مریشك خواستێكی زۆری لەسەرە و  بەڵام بەوپێیەی ئەمساڵ هەناردە ناكرێت و زۆریی بەرهەم، هۆكاری هەرزانبوونەكەیەتی".

گوتیشی "یەك كیلۆ مریشكی ناسك بە 2500 دینارە، یەك كیلۆ مریشكی ئومەهات بە 2750 دینارە.

لە ماوەی رابردوودا ناردنی مریشك بۆ شارەكانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق راگیرا، ئەمەش هۆكارێكی تری هەرزانبوونی نرخی مریشكە لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا.



وشە - سۆران عەزیز