حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە قۆناغەكانی كۆتایی دامەزراندنی بانكی نیشتماندایە

:: AM:11:34:19/02/2026 ‌
وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، چاوەڕێی ڕەزامەندیی بانكی ناوەندی دەكات بۆ دەستبەكاربوونی بانكی نیشتمان لە هەرێمی كوردستان، بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی و پێدانی مۆڵەتی كاركردن، ناوی ئەندامانی ئەنجوومەن ڕەوانە كراون.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە قۆناغەكانی كۆتایی دامەزراندنی بانكی نیشتماندایە، كە پڕۆژەیەكی ستراتیجییە بۆ نوێكردنەوە و ڕێكخستنەوەی كەرتی بانكی لە هەرێمی كوردستان، بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا جێبەجێ بكرێت.

د. هاوڕی كەمال ڕاوێژكاری یاسایی وەزارەتی دارایی و ئابووری رای گەیاند، باڵەخانە دابین كراوە و شاندی بانكی ناوەندیش بینیویانە و ڕەزامەندییان لەسەر داوە.

گوتیشی، ناوی ئەندامانی ئەنجوومەنی كارگێڕی هەڵبژێردراون و ڕەوانەی بانكی ناوەندی كراون، دوای ڕەزامەندی لەسەر ناوەكان و پێدانی مۆڵەتی كۆتایی كاركردن لەلایەن بانكی ناوەندی، بانكی نیشتمان دەست بە كارەكانی دەكات.

بانكی نیشتمان، چەند جۆر قەرز و سولفەیەك بەفەرمانبەران و هاووڵاتییان دەدات، ئەم خزمەتگوزارییانە بوارەكانی كڕینی خانووبەرە ئۆتۆمبێل، پڕۆژەی كشتوكاڵی، پیشەسازی و قەرزی بچووك دەگرێتەوە.

لە ساڵی 2023ـەوە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان كار لەسەر دامەزراندنی ئەو بانكە دەكات كە سەرمایەكەی زیاتر لە 250 ملیار دینارە و وەك بانكێكی حكوومی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێ.
 
"ئەو بانكە وەك جێگرەوەی بانكەكانی رەشید و رافیدەین دەبێت لە هەرێمی كوردستان، كە بەهۆی كێشە لەسەر موڵكەكانیان لە هەرێمی كوردستان نەكراونەتەوە."
 
پێشتر لە 20ی كانوونی دووەمی 2023، ماڵپەڕی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە كە بۆ كردنەوەی بانكی نیشتمان، 25 ملیار دیناریان لە لقی بانكی ناوەندی لە هەولێر داناوە، وەك هەنگاوێك بۆ ئەوەی مۆڵەت بدرێتە بانكەكە.



وشە - سۆران عەزیز