بانكی ئیسلامیی عێراقی خزمەتگوزاریی ئی-پسوولە چالاك دەكات

:: PM:04:46:19/02/2026 ‌
حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشداریكردنی بانكی ئیسلامیی عێراقی (IIB) لە پڕۆژەی ئی-پسوولە ڕاگەیاند.

لە راگەیەنراوێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، بانكی ئیسلامیی عێراقی دەبێتە حەوتەمین هاوبەش كە خزمەتگوزاریی پارەدانی دیجیتاڵی لە ڕێگەی ئی-پسوولە چالاك دەكات، دوای بانك و جزدانەكانی AsiaPay، FastPay، FIB, NassWallet، ZainCash، و Cihan Bank. ئەمەش دەستگەیشتن بە پارەدانی دیجیتاڵی بۆ هاووڵاتییان فراوانتر دەكات.

ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، بەكارهێنەرانی بانكی ئیسلامیی عێراقی دەتوانن لە ڕێگەی بەرنامەی مۆبایل و پۆرتاڵی ئۆنلاینی بانكەكە، سەكۆی ئی‌-پسوولە بەكاربهێنن.

ئەوەیش بیرهێنراوەتەوە كە وەك پاڵپشتییەك و هاوكارییەك بۆ هاوبەشانی ماڵان، تا ڕێكەوتی 12ی مانگی ئادار، هەر بڕە پارەیەكی كارەبا كە هاوبەشان لە ڕێگەی سەكۆی "ئی-پسوولە"ـوە بیدەن، ئینجا پارەی ڕووناكی بێت یان قەرزی كۆنی كارەبا، ئەوا ڕێژەی %20ی ئەو بڕە پارەیان لەسەر پسوولەی كارەبای مانگەكانی داهاتوو كەم دەكرێتەوە.

شایانی باسە لە 10ی شوباتی ساڵی 2026، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەكۆی ئی-پسوولەی ڕاگەیاند بۆ پارەدانی پسوولەكان.

ئی-پسوولە سەكۆی فەرمیی پارەدانی دیجیتاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، لە لایەن بانكی ناوەندیی عێراقەوە پەسەند كراوە، كە هاووڵاتییان دەتوانن پارەی پسوولەكانیان بە شێوەیەكی ئەلیكترۆنی بدەن.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم