مانگی رابردوو مووچە لە عێراق دوا كەوت، ساڵی رابردوو یاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان نەكرا و بۆ ئەمساڵیش حكوومەتی عێراق هەروا رێوشوێنی توندی دەستگرتنەوە بۆ كەمكردنەوەی خەرجییەكان و زیادكردنی داهات وەردەگرێت، شارەزایان دووپاتی دەكەنەوە كە تەنگژەی دارایی عێراق چیتر ناشاردرێتەوە و دابینكردنی مووچە پێوەستە بە پەرەسەندن و تەنگژە نێودەوڵەتییەكانەوە.
حەیدەر شێخ توێژەری ئابووری ئاماژە دەكات، عێراق رۆژانە 3.5 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەكات، مانگانە دەكاتە زیاتر لە 100 ملیۆن بەرمیل، داهاتەكەی نزیكەی هەشت تریلیۆن دینارە كە شەش تریلیۆنی بۆ مووچە دەچێت.
روونی كردەوە، هەر دابەزینێك لە نرخی بەرمیلی نەوت بۆ خوار 60 دۆلار، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی تەنگژەی دارایی و زەحمەتی لە دابینكردنی مووچە، بۆیە چارەنووسی مووچەی فەرمانبەران پێوەست بووە بە پەرەسەندن و تەنگژە نێودەوڵەتییەكان، چونكە نرخی نەوت تەنیا بە خواست و خستنەڕوو دیاری ناكرێت، بەڵكو بە ململانێ جیۆسیاسییەكانیش كاریگەر دەبێت.
ئەو تویچژەرە ئابووری وریایی لە رێككەوتنی رووسیا و ئۆكراینا دەدات بەوەی دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی نەوت بۆ كەمتر لە 50 دۆلار بۆ بەرمیلێك، بەو شێوەیەش عێراق دەچێتە ناو دۆخێكی فریاگوزاریی دارایی و حكوومەت دەكەوێتە بەردەم كێشەیەكی گەورە لە رووی دابینكردنی مووچەی زیاتر لە 4.5 فەرمانبەر.