عێراقییەكان تەنیا لە ساڵێكدا بایی 175 ملیۆن دۆلار كاكاوی توركییان خواردووە

:: AM:09:18:23/02/2026 ‌
دارایی توركیا لەسەر هەناردەی بۆ عێراق بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی ئامارە نوێیەكان عێراق لەسەر ئاستی دنیا زۆرترین كاڵای توركی دەكڕێت.

توركیا بووەتە وڵاتێكی هەناردەكەر و بەشی زۆری پێداویستیی بازاڕی وڵاتانی ناوچەكە و دنیای دابین كردووە، عێراقیش بەهۆی نزیكی و هاوسنوورییان، زۆرترین كاڵای توركی دەكڕێت.

 بەپێی ئامارە فەرمییەكان، بەهای هاوردەكردنی كاكاو لەلایەن عێراقەوە لە ساڵی 2025دا گەیشتووەتە 175 ملیۆن دۆلار.

بەپێی ئامارەكانی دەستەی ئاماری توركیا، ئەو وڵاتانەی لەو ساڵەدا كاكاویان لە توركیا كڕیوە بەمجۆرەیە: ئەمەریكا لە پلەی یەكەمدا دێت بە بەهای 244 ملیۆن دۆلار، عێراق لە پلەی دووەم بە 175 ملیۆن دۆلار، ئێران لە پلەی سێیەم بە 102.8 ملیۆن دۆلار، سعوودیە بە 74.2 ملیۆن دۆلار و ڕووسیا بە 69.5 ملیۆن دۆلار دێن.

ئەوە لە كاتێكدایە توركیا خۆی كاكاوەكە لە وڵاتانی ئەفەریقا و ئەمەریكای باشوور بەخاوی دەكڕێت و لە ناوخۆیدا دروستی دەكاتەوە، ستراتیجیی توركیا لەم كەرتەدا بریتییە لە هاوردەكردنی كاكاوی خاو و دووبارە پیشەسازیكردن و گۆڕینی بۆ بەرهەمی خۆراكیی خاوەن بەهای زیادكراو، ئەم هەنگاوەش یارمەتیدەر بووە لە بەرزكردنەوەی بەرچاوی داهاتی هەناردەكردنی وڵاتەكە لە ساڵانی ڕابردوودا.









وشە - سۆران عەزیز