وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕای دەگەیەنێت، بڕی وەرگرتنی گەنم بۆ ئەمساڵ نزیكەی چوار ملیۆن تۆن دەبێت و لە بەرهەمهێنانی ئاردی سفر گەیشتووینەتە ئاستی خۆبژێوی.
ئەمڕۆ دووشەم 23ـی شوبات، حەیدەر نووری گەرعاوی بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی دانەوێڵەی عێراق ڕای گەیاند، لە وەرزی داهاتوودا گەنمی پێویست بۆ ساڵی 2027 كۆ دەكرێتەوە، پێشبینی دەكرێت بڕی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ لە نێوان سێ ملیۆن و نیو بۆ چوار ملیۆن تۆن بێت، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانی پەسندكراوی وەزارەتدایە.
ئاماژەی بەوەش كردووە، گەنمی كۆگەكراو گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 700 هەزار تۆن، ئەم بڕەش بێگومان تا كۆتایی ساڵی 2026 بەشی خواست و بەكارهێنانی ناوخۆ دەكات.
لەبارەی بەرهەمهێنانی ئاردی سفرەوە رای گەیاند، لە ڕێگەی 43 ئاشەوە ڕۆژانە سێ هەزار تۆن ئاردی سفر بەرهەم دەهێنرێت، ئەمەش لە ناوخۆدا گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی.
بەپێی ئەو بڕە بێت دیاری كراوە جووتیارانی عێراق ساڵی داهاتوو تووشی كێشەیەكی گەورە دەبن، بەرهەمی گەنمیان لەلایەن حكوومەتی عێراق نیوەی وەردەگیرێت، چونكە ئێستە بە هەرێمی كوردستانەوە ساڵانە زیاتر لە حەوت ملیۆن تۆن بەرهەم دەهێنرێت.