بەشی زۆری ئەو پارەیەی لە مانگی پێشوو بۆ بەشدارانی كارەبای 24 سەعاتی هاتبووەوە، بەهۆی بۆیلەرەوە بووە، بەڕێوەبەرایەتیی كارەبا سلێمانیش ئامۆژگاریی هاووڵاتییان دەكات زوو زوو پاكی بكەنەوە.
مانگی رابردوو گلەیی زۆر كرا گوایە پارەی زۆر بۆ هاووڵاتییانی كوردستان هاتبووەوە، وەزارەتی كارەباش گوتی خەڵك لەو مانگەدا كارەبایان زیاتر خەرج كردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی كارەبای سلێمانی رای گەیاند، بەشی زۆری پارەی كارەبا لە مانگی پێشوو بەهۆی بۆیلەرەوە بووە، پێویستە ساڵانە هیتەری ناو بۆیلەرەكانتان پاك بكەنەوە بۆ ئەوەی پارەی كارەباكەتان كەمتر ببێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی ڤیدیۆی پاككردنەوەی بۆیلەرێكی كارەبایی بڵاو كردووەتەوە و نووسیویەتی، بە تێپەڕبوونی كات ئەو ئاوەی لەناو بۆیلەردایە، دەبێتە هۆی دروستبوونی كلس بە چواردەوری هیتەرەكەدا، بەمەش كاریگەریی لەسەر توانای هیتەرەكە دروست دەكات.
دەشڵێت: بەشێوەیەك درەنگتر ئاوەكەی ناوی گەرم دەبێت، بۆیە بڕێكی زۆرتر كارەبا سەرف دەكات.
ئاماژەی بەوەش كردووە، باشترە ساڵانە بۆیلەر پاك بكرێتەوە بۆ ئەوەی كارەبایەكی كەمتری پێویست بێت بۆ ئاو گەرمكردن و خەرجیی كارەبا كەمتر بێت.