بۆ ساڵی 2025 زاواكەی ئەردۆغان بووەتە نۆیەمین دەوڵەمەندی توركیا و سامانەكەی گەیشتووەتە 2.7 ملیار دۆلار. كوردێكیش یەكەمین دەوڵەمەندی توركیایە.
گۆڤاری فۆربس لیستی دەوڵەمەندترین كەسایەتییەكانی توركیای بۆ ساڵی 2025 بڵاو كردەوە. بەپێی ئامارەكان، سەلچوك بایراكتار سەرۆكی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی كۆمپانیای بایكار كە تایبەتە بە بەرهەمهێنانی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان (درۆن)، سامانەكەی گەیشتووەتە 2.7 ملیار دۆلار.
سەلچوك بایراكتار هاوسەری سومەییە ئەردۆغانی كچی سەرۆك كۆماری توركیایە، خاوەنی 52.2%ـی پشكەكانی كۆمپانیای بایكارە و بووەتە نۆیەمین دەوڵەمەندترین كەسی توركیا.
هاوكات حەمدی ئولوكایە كە بەڕەگەز كوردە، خاوەنی كۆمپانیای چۆبانیە بۆ بەرهەمەكانی شیرەمەنی وەك ماست و كەرە. لە ئەمەریكا دادەنیشێت و جارێكی تر گۆڤاری فۆربس، وەك دەوڵەمەندترین كەسی توركیا و باكوری كوردستان دیاری كرد.
حەمدی چەندان جار بە هەڵوێستەكانی كوردبوونی خۆی دەربڕیوە و پێشان داوە.
ئەو خەڵكی ئەرزنگانە لە باكوری كوردستان و خاوەنی 13.7 ملیار دۆلارە.