سەرۆكی ژووری بازرگانیی ئەهواز ئاشكرای كرد، ڕێژەی هەناردەی نانەوتی پارێزگای خوزستانی ئێران بۆ عێراق، بە ڕێژەی 50% كەمی كردووە، هۆكاری ئەمەیشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە حكوومەتی عێراق، بڕیاری جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدای داوە و باجی گومرگی بە ڕێژەیەكی بەرچاو زیادی كردووە.
شەهلا عەمووری سەرۆكی ژووری بازرگانیی ئەهواز گوتی، داتاكانی گومرگ بەراورد بكەین بە تەواوی ئەو كەمبوونەوە شۆكهێنەرەمان بۆ دەخاتە ڕوو، لە نۆ مانگی یەكەمی ساڵنامەی ئێرانی هەناردەی پارێزگای خوزستان بۆ عێراق گەیشتبووە 2.167 ملیار دۆلاری ئەمەریكی، بەڵام ئەمساڵ هەناردەی 10 مانگ گەیشتووەتە 1.219 ملیار دۆلاری ئەمەریكی، ئەمەیش نزیكەی 50%ی هاوردەكردنی كاڵاكان لە خوزستانەوە بۆ عێراق كەمی كردووە و و بەردەوامیشە لە كەمبوونەوە و دابەزینی هەناردەكردنی كاڵا.
زیاتر
گوتی، ئاڵنگاریی سەرەكی بەردەم ئەو كەمبوونەوەیە، مامەڵەكردنی دەسەڵاتی گومرگی عێراقە بە سیستمی ئەسیكۆدا و هەژماركردنی بەشێك لە كاڵاكانە بە نرخی جیاوازتر، بەرپرسانیش تا ئێستە لەسەر ئەو نرخانە دەڕۆن كە دەوڵەت دایناون و جێگیری كردوون، ئەو نرخانەی كە دەوڵەت دایناوە، جیاوازییەكی زۆریان لەگەڵ واقیعی بازاڕ و نرخی كێبەركێ لە بازاڕی هەناردەكردن هەیە.
عەمووری لە بەشێكی تری قسەكانی گوتی، ئەگەر فرۆشیارێك كاڵا بفرۆشێتە بازاڕی عێراق بایی 100 دۆلار، ئەوا لە تۆماری گومرگ بەهای 150 دۆلاری بۆ دەنووسرێ، بە پشتبەستن بە هاوكێشە و ڕێنوێنییەكان كە وەزارەتی ناوخۆ گشتاندوویەتی، ئەمە بارگرانییەكی زۆری لەسەر بازرگانان دروست كردووە، بۆیە هەناردەی كاڵاكانی خوزستانیش بە تەواوی ڕووی لە كەمبوونەوە كردووە.