جارێكی تری عێراق پەنا بۆ یاسای فریاكەوتنی ئاسایشی خۆراك دەبات

:: PM:02:04:24/02/2026 ‌
پەرلەمانتاران ئاشكرای دەكەن، بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و بژێوی هاووڵاتییانی چینی هەژار، دەبێت پەرلەمان پەنا بۆ یاسای پشتیوانی ئاسایشی خۆراك ببات.

ئەمڕۆ سێشەم 24ی شوبات، رۆژنامەی مەدای عێراقی لەسەر زاری چەند پەرلەمانێك ئاشكرای كردووە، عێراق جارێكی تر بیر لە یاسای پشتیوانیی فریاكەوتنی ئاسایشی خۆراك دەكاتەوە كە لە ساڵی 2022 لە پەرلەمانی عێراق دەرچووە.

مورتەزا  ئیبراهیمی دەڵێ‌، "یاسای پشتیوانیی فریاكەوتن ناتوانێ‌ شوێنی بودجەی گشتی بگرێتەوە، بەڵام دەكرێت بۆ دابینكردنی بەشەخۆراكی مانگانە و بەردەوامبوونی پێدانی مووچە و خەرجییە پێویستەكان بەكار بهێنرێت". 

پەرلەمانتاران باس لەوە دەكەن كە لە حاڵەتی دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەت و بودجە، چەند چارەسەرییەكی تر هەن، لەوانە خەرجیی 1/12 لە یاسای دارایی گشتی، یانیش دانانی یاسای كاتی بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكان. عودەی زاملی پەرلەمانتارێكی ترە و قسەی لەسەر هەمان بابەت كردووە و دەڵێ‌، "گرنگە وەبەهێنان بكرێت یان هەر پارەیەكی زیادە لە یاسای پێشووی ئاسایشی خۆراك هەبێت بەكار هێنرێت".

لە تەمووزی 2022 بەهۆی سەختیی ئابووری عێراق، ئەو كات پەرلەمانی عێراق یاسایەكی دەركرد بەناوی یاسای پشتیوانی فریاكەوتن، لە ئاسایشی خۆراك و گەشەپێدان.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل