ماڵپەڕی ئیرەم نیوزی ئیماراتی ئاشكرای كردووە، تەنگژەیەكی دارایی قووڵ بەرۆكی عێراقی گرتووە و بە ملیۆن دۆلار و بە ترلیۆنان دینار لە بانكە حكوومییەكانی عێراق دەرهێنراون.
ئەمڕۆ سێشەم 24ی شوبات، ماڵپەڕی
ئیرەم نیوزی ئیماراتی ئاشكرای كردووە، تەنگژەیەكی قووڵ لە عێراقدا هەیە و ئەگەر لەلایەن دەسەڵاتەوە چارەسەر نەكرێت، ئەوا حكوومەتی عێراق ناتوانێ مووچەی فەرمانبەران بدات و خەرجییەكانی تر بكات.
ماڵپەڕەكە زانیاری ئەوەی بڵاو كردووەتەوە، لە ماوەی رابردوودا 28 ترلیۆن دینار و چەندان ملیۆن دۆلار لە بانكە عێراقییەكان دەرهێنراون، بۆ ئەوەی مووچەی پێ دابین بكرێت و بەردەوامبوونی وەزارەتی دارایی عێراقیش لەسەر ئەم رێكارییە مەترسیی خۆی هەیە.
لەبارەی هۆكارەكان باس لەوە كراوە، لە ماوەی رابردوودا بێ رەچاوكردنی بارودۆخی دارایی وڵات، حكوومەت كۆمەڵێك پڕۆژەی گەورەی كردووە وەك رێگەوبان و پرد، بەڵام هەرچەندە ئەو پڕۆژانە بەهای خزمەتگوزاریی خۆیان هەیە، بەڵام داهاتیان بۆ عێراق نییە و لەگەڵ بارودۆخی عێراق ناگونجێت.
لەبارەی چارەسەری كێشەكانیش باس لەوە كراوە، دەنگۆی ئەوە هەیە 45 رۆژ جارێك مووچەیەك بدرێت، هەرچەندە وەزارەتی دارایی بە تەواوی ئەوەی رەت كردووەتەوە، باس لەوەیش دەكرێت یاسایەكی ساڵی 1987 كارا بكرێت كە بە ژمارە 770 دەرچووە و باس لە بەڕێكردنی ئەو فەرمانبەرانە دەكات كە زیادن. دووپاتی ئەوەیش كراوەتەوە ئەو كێشەیەی عێراق رووداوێكی لەناكاو نییە، بەڵكو ئەنجامی كارەكانی ساڵانی پێشووە.
دورەید عەنزی توێژەر لە بواری ئابووری عێراق لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕە ئیماراتییەكە دەڵێ، "تەنگژەی ئێستە لە ناكاو دەرنەكەوتووە، بەڵكو ئەنجامی كەڵەكەبوونی كێشەكان لە ساڵانی رابردووە وەك فراوانبوونی دامەزراندن بێ بوونی پلانێك، هەروەها بەرزبوونەوەی خەرجیی بەكارخستن بەشێوەیەك لە سەرووی توانای ئابووری عێراق بێت".
ئەو توێژەرە باس لەوەیش دەكات، عێراق بە داهاتی نەوت مووچەی زیاتر لە چوار ملیۆن و 500 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین دەدات، كاتێكیش نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا دادەبەزێت، ئەوا كێشەكە راستەوخۆ لە عێراق دەردەكەوێت.
سەرمەد شەمەری توێژەرێكی تری ئابوورییە بۆ ئیرەم نیوز دەڵێ، "چارەسەر ئەوە نییە دەست بۆ مووچەی فەرمانبەران ببرێت، بەڵكو ئەوەی خەرجیی حكوومەت رێكبخرێتەوە، كۆنترۆڵی خەرجیی ناپێویست بكرێت، هەروەها چاودێریی گرێبەست و پڕۆژە لەكاركەوتووەكان بكرێت، كە بودجەی عێراق شەكەت دەكەن و هیچ داهاتێكی راستەقینەی ئابووریشیان نییە".