ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی لە راپۆرتێكدا ئەمەریكا بەوە تۆمەتبار دەكات، دەستی بەسەر پارە و ئابووری عێراقدا گرتووە و بە خواستی خۆی بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆی بەكاری دەهێنێت. ئەمەیش پێچەوانەی ئەو تۆمەتانەیە كە ئەمەریكا ئاراستەی ئێرانی دەكات و بەوەی داهاتی عێراق دەبات.
ئەمڕۆ سێشەم 24ی شوبات، ئاژانسی
تەسنیمی ئێران راپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە بە ناونیشانی "دارایی دەستبەسەرداگیراوی عێراق لە بیرە نەوتەكانەوە تا بانكی فیدراڵی ئەمەریكا". راپۆرتەكە ئەمەریكا بەوە تۆمەتبار دەكات كە دەستی بەسەر داهاتی عێراقدا گرتووە لە رێگەی چەند میكانیزمێكەوە.
لەوانە داهاتی عێراق بە تەواوی دەچێتە بانكی فیدراڵی ئەمەریكا و هەموو داهاتەكەیش بە نەوت هەژمار دەكرێت. جیا لەوەیش عێراق بەشێكە لە سیستمی دارایی سوێفت. بەگوێرەی راپۆرتەكە هەموو ئەمانە وا دەكەن داهاتی عێراق هەمووی بارمتەی دامەزراوەكانی ئەمەریكا بێت، بە خواستی خۆی بۆ بەرژەوەندییە سیاسییەكانی بەكاری بهێنێت.
راپۆرتەكە باس لەوە دەكات، كاتێك هەموو داهاتی عێراق سەرچاوەكەی نەوتە و نرخی نەوتیش جێگیر نییە، وەرگرتنی دۆلاریش لە ئەمەریكەوە بەگوێرەی بەرژەوەندییەكانە، ئەوا بەم جۆرە ئابووری عێراق جێگیر نابێت و مەترسییەكەیش لە سەر عێراقییەكانە.
ئەم راپۆرتەی ئاژانسی تەسنیم بە پێچەوانەی بۆچوونەكانی ئەمەریكایە، كە لە ساڵانی رابردوودا ئێرانی بەوە تۆمەتبار كردووە، هەموو داهاتەكانی عێراق بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەكار دەهێنێت. لە ماوەی رابردوویشدا بەرپرسانی ئەمەریكا بە راشكاوی میلیشیاكانی عێراقیان بەوە تۆمەتبار كردووە كە داهاتی عێراق دەبەن بە ئێرانی دەدەن.