وەزارەتی كارەبای عێراق ئاشكرای كرد، ئێران بە بڕی حەوت ملیۆن مەتر سێجا لە ڕۆژێکاد؛ دەستی بە هەناردەی گازی سروشتی بۆ عێراق كردەوە.
ئەحمەد مووسا گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەم 26ی شوباتی 2026، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد، ئێران دەستی كردووە بە ناردنی گاز بۆ وێستگەكانی كارەبای عێراق بە بڕی حەوت ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێكدا، بۆیە پێدانی كارەبا بە هاووڵاتییان باشتر دەبێت.
پێشتر ئەحمەد مووسا دووپاتی كردبووەوە، وەزارەتی كارەبا پێی وایە بێ پشتیوانیی گازی سروشتیی ئێران، عێراق ناتوانێ تەواوی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بەكار بخات.
دوێنێ ئاژانسی تەسنیمی ئێران ئاشكرای كرد، عێراق جارێكی تر پەنای بردووەتەوە بەر ئێران بۆ بەكارخستنی وێستگەكانی كارەبا، بۆیە شاندێكی حكوومەتی عێراق سەردانی ئێران دەكات.