عێراق: ئەمباری خۆراكی پێویستمان هەیە و پێویست بە نیگەرانی ناكات

:: PM:04:43:28/02/2026 ‌

بەیانی ئەمڕۆ هێرشێكی هاوبەشی سەربازیی ئیسرائیل و ئەمەریكا بۆ سەر ئێران دەستی پێ كرد، و شەڕ بەردەوامە، شارەزایان پێشبینی دەكەن عێراق كاریگەرییەكی زۆری بەهۆی شەڕەكەوە لەسەر دروست بێت، بەتایبەتی لە رووی ئەو خۆراك و سووتەمەنی و كارەبایەی لە ئێرانەوە بۆی دێت، هاوكات كاریگەریی شەڕەكە بەسەر هاتوچۆی دەریایی لە كەنداو، عێراق دانیشتووانی دڵنیا دەكاتەوە.

وەزارەتی بازرگانیی عێراق دووپاتی كردەوە كە دۆخی ئەمباری مادە خۆراكییەكان لە عێراق سەقامگیر و باشە و لەژێر كۆنترۆڵدایە، هیچ هۆیەك بۆ نیگەرانی لەبارەی بوونی خۆراكی پێویست لە بازاڕەكان نییە، محەمەد حەنوون گوتەبێژی وەزارەتەكە لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت، حكوومەتی عێراق گرنگییەكی لەپێشینەی بە ئاسایشی خۆراك داوە بۆ دابینكردنی بۆ دۆخە ناهەموار و نائاساییەكان، بەتایبەتی گەنم و مادە سەرەكییەكانی پسوولەی خۆراك وەك برنج و شەكر و رۆن. 

روونی كردەوە، ئەو خۆراكە ئەمباركراوەی لای وەزارەت هەیە زۆرە و بەشی پێویستیی هاووڵاتییان دەكات و مسۆگەریی بەردەوامبوونی دابینكردنی مادە خۆراكییەكانی پسوولەی خۆراكی مانگانە و جێگیریبوونی بازاڕی ناوخۆیی دەكات.

بەیانی ئەمڕۆ شەموو هێرشێكی كتوپڕی سەربازیی هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمەریكا وەك خۆیان ناویان ناوە پێشوەختە، بۆ سەر ئێران دەستی پێ كرد، هەر ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو پارێزگای هەولێر خەڵكەكەی لەبارەی فەراهەمبوونی مادە خۆراكییەكان دڵنیا كردەوە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل