خانەنشینانی كوردستان رێكخراونەتەوە و چەند بڕیارێك دەرچوو

:: PM:01:28:01/03/2026 ‌
وەزارەتی دارایی و ئابووری سەرجەم خانەنشینانی هەرێمی كوردستانی لە 12 یەكەی خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان رێكخستەوە و چەند بڕیارێكی تایبەتیشی بۆ دەركردن.

ئەمڕۆ یەكشەم یەكی ئادار، گشتاندنی دارایی ژمارە 3ی ساڵی 2026 تایبەت بەخانەنشینكردنی فەرمانبەران بەسیستمی ناوەندی مووچە دەرچوو.

تێیدا هاتووە، پێویستە لە كاتی خانەنشینیدا تەنیا پیادەی یاسای خانەنشینی یەكگرتوو دەكرێت، رەچاوی رێنوێنی ژمارە دووی ساڵی 2025 بكرێت.

لە بڕیارەكەدا ئەوەش هاتووە، پێویستە ژمارەی كەسی بێهاوتا UPN بچێتە بۆ خانەنشینی میراتگرێك، هەروەها پێویستە گشت بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی مانگانە خشتەی مووچە ئامادە بكەن و بینێرن بۆ گەنجینەكان و لەگەڵ دیاریكردنی گشت لێبڕینەكان، پاڵپشت بە یاسا و رێنوێنییە بەركارەكان لە چوارچێوەی مووچەی ناوەندی بێت.

لە بڕیارەكەی وەزارەتی داراییدا ئەوەش باس كراوە، پێویستە بڕی لێبڕین وەك خۆی بێت نابێت لێك نزیككردنەوەی بۆ بكرێت، بۆ نموونە 200 دینار دەبێت وەك خۆی بێت نابێت بنووسرێت 250 دینار.

لەبارەی پلە تایبەتەكان بڕیار دراوە كە پێویستی فەرمانی هەرێمی و فەرمانی سەرۆك وەزیران هەبێت لە دۆسیەكەی، مامۆستایانی زانكۆ دەبێت فەرمانی ناسناوی زانستی لە دۆسیەكەی هەبێت، لە كاتی خانەنشینبوون هەر خزمەتێكی تری هەبێت، پێویستە فەرمانی پەسندكردنی هەبێت و لێبڕینی لە خانەنشینیدا بێت.


ئەمەیش دەقی بڕیارەكانە:











وشە - رامیار جەواد