بەیانیی ئەمڕۆ بە مووشەك و درۆنی ئێران، پاڵاوگەی ئەحمەدی لە كوێت و پاڵاوگەیەكی ئارامكۆ لە سعوودیە كرانە ئامانج، تا ئێستە تەنیا زیانی پاڵاوگەكەی كوێت راگەیەنراوە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەم دووی ئادار، لە دوو هێرشی جیاواز دامەزراوە نەوتییەكانی كوێت و سعوودیە بە درۆن و مووشەكی ئێران كرانە ئامانج.
ئاژانسی
رۆیتەرز بڵاوی كردووەتەوە، بەیانیی ئەمڕۆ هێرش كراوەتە سەر دامەزراوەیەكی نەوتی لە ناوچەی رەئس تەنوورە لە سعوودیە، بەڵام ئاگرەكە بچووكە و لەوانەیە پاڵاوگەی ئارامكۆ بێت، ئاگرەكە كۆنترۆڵ كراوە.
هاوكات ئاژانسی هەواڵی كوێت كە بە
"كونا" دەناسرێت، ئاشكرای كردووە لە یەكێك لە هێرشەكان زیان بەر پاڵاوگەی ئەحمەدی كەوتووە و دوو كرێكار بریندارن.
بەیانیی ئەمڕۆ راپۆرتێكی ماڵپەڕی ئینرجی نیوزی ئەمەریكی، هۆشداریی لە بەئامانجگرتنی دامەزراوە نەوتییەكانی عێراق و كەنداو دابوو. نموونەی هێرشەكانی سەر دامەزراوەی ئارامكۆی سعوودیە لە 2019 هێنابووەوە كە ئەوكات نرخی نەوتی بە رێژەی 20% تا 50% بەرز كردەوە.