داخستنی گەرووی هورمز یەكێكە لە كارتی گوشار و چەكەكانی ئێران بەرانبەر بەو هێرشەی لە لایەن ئیسرائیل و ئەمەریكاوە دەكرێتە سەری، بەتایبەتی كە 20%ی نەوتی دنیا بەو گەروەدا تێپەڕ دەبێت، جیا لە هەڕەشەی سەر دامەزراوە نەوتییەكان لە ناوچەكە، شارەزایەكی ئابووری وریایی لە كاریگەرییەكانی ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەكە و داخرانی درێژخایەنی گەرووی هورمز دەدات بەوەی كار لە هەناردنی نەوت و مووچە دەكات.
كەریم حلو شارەزای ئابووری دەڵێت، بەردەوامیی شەڕ و پەرەسەندنەكانی ناوچەكە، بەتایبەتی لە نێوان ئێران و ئەمەریكا، ئەگەری پەككەوتنی هاتوچۆی دەریای لە گەرووی هورمز زیاتر دەكەن، ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی زۆری نرخی نەوت لە دنیا، عێراق رۆژانە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت لە رێگەی كەنداو هەناردە دەكات، بۆیە هەر داخرانێكی گەرووی هورمز ناچاری دەكات پەنا بۆ دەروازەی تری هەناردن ببات، كە سنووردار و تێچوویان زۆرە، ئەوەش دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی بەرچاوی داهات.
حلو ئاماژەی كرد، كەمبوونەوەی هەناردەكردنی نەوت راستەوخۆ رەنگدانەوەی لەسەر توانای حكوومەت بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و دابینكردنی خەرجی بەكارخستن هەیە، ئەو وریایی لە تەنگژەی سیولەش دا كە گوشار دەخاتە سەر سەقامگیریی دارایی و ئابووری لە وڵات، دووپاتی كردەوە كە پێنجیەكی هەناردنی نەوت بەو رێڕەوەدا تێپەڕ دەبێت، ئەوەش وا دەكات پەككەوتنی ببێتە هۆی شێوانی گەورەی بازاڕی وزە، عێراقیش لە كاریگەرترین وڵات دەبێت، بەهۆی پشتبەستنی نیوچە تەواوەتی بە داهاتی نەوت.