دوای وەستانی بەرهەمهێنانی نەوت عێراق رۆژانە 128 ملیۆن دۆلار زەرەر دەكات

:: PM:05:45:03/03/2026 ‌

ئەمڕۆ كاریگەریی شەڕی ئیسرائیل و ئەمەریكا و ئێران بەسەر كەرتی نەوتی عێراق بەدیار كەوت، كاتێك بەرهەمی نەوتی بەشێك لە كێڵگەكانی باشوور بەهۆی وەستانی هەناردن و بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان بەهۆی دۆخی خراپی تەناهی وەستان، روانگەیەك زیانە داراییەكانی عێراق بەو هۆیەوە ئاشكرا دەكات.

ئەمڕۆ سێشەم روانگەی "ئیكۆ عێراق"، رای گەیاند كە زیانی رۆژانەی عێراق بەهۆی وەستانی هەناردنی نەوتەكەی لە كێڵگەی رمێلە و كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان بەهۆی كاریگەریی پەرەسەندنەكانی ناوچەكە دەگاتە 128 ملیۆن دۆلاری رۆژانە، كاتێك كێڵگەی رمێلە رۆژانە 1.4 ملیۆن بەرمیل و كێڵگەكانی هەرێم رۆژانە 200 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دێنن، كە دەكاتە 1.6 ملیۆن بەرمیل. 

دووپاتی كردەوە، بۆیە بە حیسابكردنی نرخی بەرمیلێك نەوت بە 80 دۆلار، زیانەكە دەكاتە 128 ملیۆن دۆلاری رۆژانە و پێشبینیش هەیە ئەگەر شەڕ بەردەوام بێت كێڵگەكانی تریش بوەستن و زیانەكە زیاتر بێت، ئەگەر ئەو وەستانەش بۆ یەك هەفتە بەردەوام بێت زیانی 900 ملیۆن دۆلار بە گەنجینەی دەوڵەت دەگەیەنێت و بۆ مانگێك دەكاتە زیاتر لە 3.8 ملیار دۆلار.

ئەمڕۆ سێشەم چەند سەرچاوەیەك ئاماژەیان بۆ وەستانی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی رمێلە لە باشووری عێراق كرد، كە گەورەترین كێڵگەی نەوتییە لە عێراق و دووەم گەورەترینە لە دنیا، هاوكات سەرچاوەیەكی تر ئاماژەی بۆ وەستانی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیا كرد كە بڕەكەی 200 هەزار بەرمیلی رۆژانە، ئەوەش بەهۆی وەستانی كاركردنی ژمارەیەك لە كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێم.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل