نرخی نەوت بەرز بووەوە

:: AM:11:20:04/03/2026 ‌

بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەم، نرخی نەوت بەرزبوونەوەی زیاتری لە پەراوێزی شەڕی ئیسرائیل و ئەمەریكا بۆ سەر ئێران تۆمار كرد، بە ڕێژەی 3% نرخی بەرمیلێك نەوت بەرز بووەوە و چاوەڕوانیش دەكرێ نرخەكەی زۆر زیاتر بەرز ببێتەوە.

دەستپێكردنی جەنگ لە نێوان ئەمەریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، وایكردووە كاروانە نەوتییەكان بەردەوامییان نەبێت و كەشتییەكان لە ترسی هێرشكردنە سەریان بوەستن، بەهۆیەوە نەوتی ئەمباركراو لەلایەن وڵاتانی هاوردەكاری نەوت بەرەو نزیكبوونەوە لە تەواوبوون دەڕوات، ئەمەیش خواستی لەسەر نەوت زیاتر كردووە.

ئەمڕۆ نرخی نەوت جارێكی تر بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، دوای ئەوەی لە هەینی ڕابردوو بەرمیلێك نەوت لە ژێر 69 دۆلارەوە بوو، دوێنێ و پێری گەیشتە بن 80 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك نەوت، ئەمڕۆش بە ڕێژەی 3% نرخی نەوت بەرز بووەوە و بەرمیلێك نەوت گەیشتە 84.7 دۆلاری ئەمەریكی.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە كاتێكدایە كە دۆناڵد ترەمپ دووپاتی كردەوە، لەمەودوا سەرباز و كەشتییەكانمان لە كەنداو یاوەری كەشتییە نەوتهەڵگرەكان دەكەن، بۆ ئەوەی نەوت بە بەردەوام بێتە بازاڕ و نرخەكەی زۆر بەرز نەبێتەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د