كۆمپانیای دانەغازی لەبارەی راگرتنی كارەكانیان لە كێڵگەی "كۆرمۆر" روونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و تێیدا دەڵێت: وەك هەنگاوی خۆپارێزی لە هێرشەكان بووە.
كۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی لە راگەیەنراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ "وشە" هاتووەتە ناردن رای گەیاند، كارەكانی بەرهەمهێنانی غازی لە كێڵگەی غازی كۆرمۆر راگرتووە، ئەوەش لە هەنگاوێكدا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێم وەك هەنگاوی خۆپارێزی لە هێرشەكان بووە.
كۆمپانیای دانەغاز بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەم باسی لەوە كردووە، "لە 28ی شوباتەوە بەشێوەیەكی كاتی كارەكانی بەرهەمهێنان لە كێڵگەی غازی كۆرمۆر راگیراوە، ئەوەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان".
ئاماژەی بەوەش كردووە، ئەو هەنگاوە وەك رێكاری خۆپارێزییە بەهۆی بەردەوامیی دۆخی تەناهیی هەرێمی كوردستانەوە، كێڵگەكە دەپارێزرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی كە دەتوانرێ لە كاتی گونجاودا كارەكان دەست پێ بكرێتەوە.
كێڵگەی كۆرمۆر كێڵگەیەكی غازی سروشتییە لە شارەدێی قادر كەرەم لە شارۆچكەی چەمچەماڵ.
کۆمپانیاکە ئاماژە بەوە دەدات، کێڵگەکە ئامادەکراوە و لە هەل و مەرجێکدایە کە بەخێرایی دەست بە بەرهەمهێنان بکەنەوە، هەر کات بە گونجاو زانرا.
هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بە كێڵگەی غازی كۆرمۆر دەبەسترێت بۆ دابنیكردنی كارەبای 24 سەعاتی، بەڵام لەوەتەی بەرهەمهێنان راگیراوە، كارەبا بۆ كەمتر لە 10 سەعات لە رۆژێكدا كەم بووەتەوە.
ئەوە لە كاتێكدایە پێشتر سۆمۆش رای گەیاند، هەناردەی نەوتی كوردستان راگیراوە، بەڵام كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق شەوی رابردوو گوتی، هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و كەركووكی لە ڕێگەی بۆڕیی نەوتی كوردستان - بەندەری جەیهانی توركیا دەستی پێ كردەوە.