روونكردنەوەیەك لەبارەی غازی ماڵان

:: PM:04:38:05/03/2026 ‌
لە ئەمڕۆوە نرخی غازی ماڵان بەرز بووەتەوە، بەڵام "وشە" بەدواداچوونی كرد و دەركەوت كە هیچ كێشەیەك لە نەبوونی غازدا نییە، بەڵكو بەهۆی كەمبوونەوەی بەرهەمهێنان ترس لە بازاڕدا دروست بووە. 

بەپێی بەدواداچوونەكانی "وشە" لە پێنجشەمی رابردووەوە، غاز ئەوەی لەناو خەڵك پێی دەڵێن غازی حكوومی و نرخەكەی هەشت هەزار و 500 دینارە دابەش نەكراوە، ئەوەیش بە تەواوی خەڵكی تووشی دڵەڕاوكێ‌ كردووە. 

سەرچاوەیەك لە ئیدارەی هەولێر، بە "وشە"ی گوت، غازی پێویست لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی بدرێت بە ماڵان، ئێستە دەیانەوێ‌ میكانیزمێك بدۆزنەوە بۆ ئەوەی غاز بەشێوەیەكی دادپەروەرانە بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش بكرێت. 

سەرچاوەکە ڕوونیشی كردەوە، کە ئاگەدارن لە بەنزینخانەكاندا نرخەكەی بەرز كراوەتەوە و چاودێری دەكەن، بەڵام " پێویست ناكات خەڵك بە نرخێكی بەرز غاز بكڕن و لەگەڵ دیاریكردنی میكانیزمەكەدا دابەشكردنی غازی ماڵان دەست پێ دەكاتەوە".

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، لە حاڵەتی بوونی تەنگژەی غازدا چەند كۆمپانیایەك راسپێدراون كە بەشی پێویستی ماڵان بەرهەم بێنن و "بەو هیوایەن نەگەین بە تەنگژە".


وشە - وشه‌