ئێران: شەڕ بەردەوام بێت نرخی نەوت بۆ سەرووی 150 دۆلار هەڵدەكشێت

:: PM:07:49:07/03/2026 ‌

لە دوای دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تاران پەنای بۆ یەكێك لە كارتە كاریگەرەكانی برد، كە پێشتر هەڕەشەی پێ دەكرد، ئەویش داخستنی گەرووی هورمزە بە رووی هاتوچۆی كەشتییەكانی هەڵگری نەوت و بازرگانی، ئێستە كێشە بۆ گەیشتنی نەوت بە بازاڕەكان دروست بووە و نرخەكەی هەڵكشاوە، پەرلەمانتارێكی ئێران پێشبینی دەكات لە حاڵەتی بەردەوامبوونی شەڕ نرخی نەوت بگاتە سەرووی 150 دۆلار بۆ بەرمیلێك.

ئاژانسی "ئیسنا"ی ئێرانی لە نائیب مورادی پەرلەمانتاری ئێران لەسەر بازنەی بەندەر عەباسی گواستەوە كە داخستنی گەرووی هورمز زیان و كاریگەریی گەورەی دەبێت، ئاماژەی كرد كە هیچ كات ئەمەریكا دۆستی وڵاتانی ناوچەكە نەبووە، ئێستەش ئەگەر شەڕ بەردەوام بێت، كاریگەری گەورەی نەرێنی لەسەر ئابووریی گەلی ئەمەریكا دەبێت. 

روونی كردەوە، بەردەوامبوونی دۆخەكە بەو شێوەیە كاریگەری و زیانی گەورەی بۆ ئابووری دنیا دەبێت كە لە زیانەكانی بۆمبی ئەتۆمی گەورەترە، ئەگەر شەڕ بەردەوام بێت لە رۆژانی داهاتوودا نرخی نەوت تا ئاستی 150 بۆ 200 دۆلار بۆ بەرمیلێك هەڵدەكشێت.

شایەنی باسە هەفتەی رابردوو لە دوای دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تاران رای گەیاند كە هاتوچۆی دەرەیاوانی بە گەرووی هورمز وەستاوە و هەر كەشتییەك بیەوێ تێپەڕ بێت دەیكەنە ئامانج و چەند كەشتییەكیش كرانە ئامانج، دواتر رای گەیاند كە تەنیا كەشتییەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل و ئەروپا و هاوپەیمانەكانیان بۆیان نییە بە گەروەكە تێپەڕ بن. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل