بازرگانی عێراق: هاتنی خۆراك بەردەوامە و ئەمباری ستراتیجیی خۆراك دابین كراوە

:: PM:08:06:07/03/2026 ‌

هاوكات لەگەڵ ئەو شەڕی هەشت رۆژە لە ناوچەكە لە نێوان ئەمەریكا و ئیسرائیل و ئێران هەڵگیرساوە و كاریگەریی كردووەتە سەر تەواوی ناوچەكە، عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی زیاترین كاریگەریی راستەوخۆ لەسەر دروست بووە، بەتایبەتی لە رووەكانی ئابووری و داراییەوە، بەو پێیەی خۆراكێكی زۆر لە ئێرانەوە دێتە عێراق و ئێستە وەستاوە، كاری كردووەتە سەر بازاڕی عێراق، وەزارەتی بازرگانی خەڵك دڵنیا دەكاتەوە.

ئەمڕۆ وەزارەتی بازرگانیی عێراق رای گەیاند كە 40 تۆن مادەی خۆراك بۆ دابینكردنی سەبەتەی خۆراك گەیشتووە، ئاماژەی كرد كە ئەمباری ستراتیجیی مادە خۆراكییە سەرەكییەكان دابین كراوە، ئەحمەد عەلی عەبدولرەزا بەڕێوەبەری راگەیاندنی كۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراك گوتی، كەشتییەكی باركراو بە 40 تۆن مادەی خۆراك ئەمڕۆ گەیشتووە.

روونی كردەوە، باری كەشتییەكەی بەتاڵ كراوە و براوەتە كۆگەكان، ئاماژەی كرد كە لیژنەیەكی تایبەت سەرپەرشتیی خەمڵاندنی هاوردەكردن و رادەستكردنی مادە خۆراكییەكان دەكات، دووپاتی كردەوە كە هەموو جۆرەكانی پاقلەمەنی لە رێگەی توركیاوە دەهێنرێتە عێراق و ئێستە وەزارەت و كۆمپانیاكە ئەمباری ستراتیجیی پێویستیان هەیە.

عەبدولرەزا دووپاتی لەوەش كردەوە كە كۆگەكانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی خەریكی دابینكردنی ئەمباری ستراتیجین بۆ مادە خۆراكییەكانی شەكر ەو برنج و ئاوە تەماتە و پاقلەمەنی، كە بەشی پێویستیی سێ مانگی هاووڵاتییان دەكات، هاتنی ئەو مادانە بەردەوامە بەو شێوەی سەقامگیریی ئاسایشی خۆراكی لێ بەدی بێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل