"مووچەی مانگەكانی ئادار و نیسان كێشەیان نابێت"

:: PM:08:46:07/03/2026 ‌

بەر لە دەست پێكردنی شەڕی ئێران، عێراق بە دەست كێشەی سیولەوە دەیناڵاند، كەو وای كرد مووچەی مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ دوا بكەوێت، عێراق دووچاری كێشەی تریش بووبووەوە، لەوانە دابەزینی نرخی نەوت، بەڵام لە دوای دەست پێكردنی شەڕی ئاسمانیی ئێران، تاران پەنای بۆ داخستنی گەرووی هورمز برد و هەناردنی نەوتی عێراق لە رێگەی ئەو گەروە وەستاوە، ئەوەش وای كرد جارێكی تر مەترسی بكەوێتە سەر مووچە.

د. نەبیل مەرسوومی شارەزای ئابووری ئاماژە دەكات كە خولی فرۆشتنی نەوت، واتە لە فرۆشتنیەوە تا گەیشتنی پارەكەی، نزیكەی پێویستی بە دوو مانگ هەیە، واتە بۆ ئەوەی بارە نەوتێك ببێتە داهات و بێتە سەر حیساباتی وەزارەتی دارایی عێراق.

روونی كردەوە، ئەوەش مانای وایە عێراق داهاتی نەوتی فرۆشراوی مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ لە مانگی ئادار بەدەست دەگات و ئەوەی مانگی شوباتیش لە مانگی نیسان، بە واتایەكی تر مووچەی مانگەكانی ئادار و نیسان بەو شەڕ و دۆخەی ئێستە كاریگەر نابن و دابین كراون. 

پێشتر كەریم حلو شارەزای ئابووری رای گەیاندبوو، بەردەوامیی شەڕ و پەرەسەندنەكانی ناوچەكە، بەتایبەتی لە نێوان ئێران و ئەمەریكا، ئەگەری پەككەوتنی هاتوچۆی دەریای لە گەرووی هورمز زیاتر دەكەن، ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی زۆری نرخی نەوت لە دنیا، عێراق رۆژانە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت لە رێگەی كەنداو هەناردە دەكات، بۆیە هەر داخرانێكی گەرووی هورمز ناچاری دەكات پەنا بۆ دەروازەی تری هەناردن ببات، كە سنووردار و تێچوویان زۆرە، ئەوەش دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی بەرچاوی داهات.

حلو ئاماژەی كرد، كەمبوونەوەی هەناردەكردنی نەوت راستەوخۆ رەنگدانەوەی لەسەر توانای حكوومەت بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و دابینكردنی خەرجی بەكارخستن هەیە، ئەو وریایی لە تەنگژەی سیولەش دا كە گوشار دەخاتە سەر سەقامگیریی دارایی و ئابووری لە وڵات، دووپاتی كردەوە كە پێنجیەكی هەناردنی نەوت بەو رێڕەوەدا تێپەڕ دەبێت، ئەوەش وا دەكات پەككەوتنی ببێتە هۆی شێوانی گەورەی بازاڕی وزە، عێراقیش لە كاریگەرترین وڵات دەبێت، بەهۆی پشتبەستنی نیوچە تەواوەتی بە داهاتی نەوت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل