وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ رای گەیاند كە گوژمەیەكی تری مووچەی فەرمانبەرانی لە عێراقەوە بە دەست گەیشتووە، "وشە" بەدواداچوونی لەسەر چۆنییەتی دابەشكردنی مووچە كرد.
بەپێی قسەی سەرچاوەیەكی ئاگەدار، بۆ "وشە" سبەی گوژمەیەكی تری مووچە لە بەغداوە دەنێردرێ، دواتر لە هەمان رۆژدا، واتا سبەی خشتەی دابەشكردنی مووچە رادەگەیەنرێ.
لەبارەی ئەوەی كە گومان هەیە دابەشكردنی مووچە چەند رۆژێك بخایەنێت، سەرچاوەكە گوتی، بەپێچەوانەوە دوای گەیشتنی تەواوی پارەكە راستەوخۆ دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت و ئەوانەی لە هەژماری من تۆمارن، بە رۆژێك مووچەكانیان وەردەگرن و لە زۆرترین حاڵەتدا مووچە بە دوو ڕۆژ دابەش دەكرێت.
وەزارەتەكە ئەمڕۆ رای گەیاندبوو، گوژمەیەكی تر بە بڕی 365 ملیار و 702 ملیۆن دینار وەك بەشێكی تر لە تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان لە لقی هەولێری بانكی ناوەندیی عێراق.
ئاماژە بۆ ئەوەیش كراوە، چاوەڕێ دەكەین سبەی دووشەم لەگەڵ گەیشتنی تەواوی تەمویلی مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی شوبات بكرێت.