عێراق و هەرێمی كوردستان لەو شوێنانەن كە زۆر بە رووداو و پەرەسەندنەكانی ناوچەكە و هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران كاریگەرن، ئێستە بەهۆی وەستانی هاتوچۆی دەریاوانی بە گەرووی هورمز، بەرهەمهێنانی نەوتی كێڵگەكانی باشووری عێراق وەستاوە، هاوكات هەفتەی رابردوو هەناردەكردنی نەوتی هەرێم وەستا و دواتر دەستی پێ كرایەوە، ئاژانسی "رۆیتەرز" دووپاتی وەستانەوەی كرد.
ئەمڕۆ ئاژانسی
"رۆیتەرز"ی ئەمەریكی لە سەرچاوەیەكی ئاگەداری گواستەوە كە پاڵنانی نەوتی عێراق بەرەو توركیا لە رێگەی بۆری نەوتی كەركووك- جەیهان جارێكی تر وەستایەوە، وەك سەرچاوەكەی كەرتی باركردن باسی كردووە، ئەوەش دوای ئەوەی لە چواری ئەم مانگە ئاژانسەكە جارێكی تر هەواڵی وەستانی هەناردەكردنی نەوتی بەو بۆریە بڵاو كردەوە كە رۆژێكی خایاند.
شایەنی باسە لە دوای هێرشە ئاسمانییە هاوبەشەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتی رابردوو كە تا ئێستەش بەردەوامە و چووەتە ناو 10مین رۆژیەوە، ئێران هاتوچۆی دەریایی بە گەرووی هورمز وەستاندووە، كە زۆرینەی هەناردنی نەوتی عێراق بەو گەروەدا تێپەڕ دەبێت، بەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەكانی باشوور وەستاوە، ئێستە عێراق تەنیا توركیا و ئوردنی بۆ هەناردنی نەوتەكەی بەدەست ماوە.