دوای دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ، عێراق لە چەند رووێكەوە لەو دۆخە كاریگەرە، لە رووی تەناهییەوە رۆژانە لە لایەن ئێران و ئەمەركیا و میلیشیاكانەوە بۆردمان دەكرێت، لە رووی سیاسییەوە خۆی لە تەنگژەدایە بەهۆی یەكلانەبوونەوەی پێكهاتنی حكوومەتی نوێ، لە رووی ئابوورییەوە ئێران هەناردنی نەوتی عێراق لە گەرووی هورمز پەك خستووە، شارەزایەك لەو بارەوە دڵنیایی دەدات.
بە وتەی شارەزایانی ئابووری ئەو شەڕ و داخستنەی گەرووی هورمز لە مانگی ئایاری داهاتوو كار دەكاتە سەر مووچە لە عێراق،
عەبدولرەحمان مەشهەدانی شارەزای ئابووری پێی وایە بانكی ناوەندیی عێراق توانای پارەداركردنی حكوومەتی بۆ ماوەی ساڵێك هەیە، واتە دابینكردنی دۆلار بۆ بازرگانی و قەرزدان بە حكوومەت بۆ كاتی پێویست، كاتێك داخستنی گەرووی هورمز وای لە بانكی ناوەندیی كرد بۆ تاوتوێكردنی وردی دۆخی ئابووریی عێراق.
روونی كردەوە، ئەوەی دووپات لە درێژكێشانی داخستنی گەرووی هورمز دەكات، بەیاننامەكەی موجتەبا خامنەیی رابەری باڵای ئێرانە، كە ئاماژەی بۆ پێویستیی داخستنی گەرووەكە و كەمكردنەوەی هەناردنی نەوت لە كەنداو كردەوە، ئەوەش كاریگەری دەخاتە سەر ئابووریی عێراق و هەناردنی نەوتەكەی، كە ئێستە تەنیا 200 هەزار بەرمیل لە رێگەی بەندەری جەیهان هەناردە دەكات، جگە لەو بڕەی بۆ پێویستی ناوخۆیی بەكار دێت.
مەشهەدانی دووپاتی كردەوە، لەگەڵ ئەوەش هەڵوێستی بانكی ناوەندی عێراق ئەرێنییە و یەدەگێكی وای هەیە بەشی پارەداركردنی حكوومەت بۆ ماوەی 12 مانگ دەكات، بە واتایەكی تر لە فرۆشتنی دۆلار بۆ مەبەستی بازرگانی بەردەوام دەبێت، جیا لەوەی دەتوانێت لە كاتی پێویست قەرز بە حكوومەت بدات.