جەمال كۆچەر: تا سێ مانگی تر مووچە ئاساییە

:: PM:08:28:12/03/2026 ‌

هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران كاریان لە هەناردەكردنی نەوتی عێراق كردووە، سەرەڕای بوونە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، بەڵام عێراق سوود لەو بەرزبوونەوە ناكات، چونكە تەواوی نەوتەكەی كە لە رێگەی كەنداو هەناردەی دەكات وەستاوە، ئەوەش مەترسی خستووەتە سەر پابەندبوونی حكوومەتی بە دانی مووچە، پەرلەمانتارێك دەڵێت تا سێ مانگ مووچە ئاساییە.

جەمال كۆچەر ئەندامی كورد لە پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە، بەپێی ئەو دۆخەی هەیە لە عێراق خەرجكردنی مووچەی مانگانەی مووچەخۆران بێ گۆڕانكاری بەردەوام دەبێت، تەنانەت ئەگەر تەنگژەكە و شەڕی ناوچەكە درێژە بكێشێت، داهاتی فرۆ‌وشتنی نەوتی عێراق لە سێ مانگی رابردوو لە چەند مانگی داهاتوو دەگات و پارەی مووچەی پێ دابین دەكرێت. 

لای خۆیەوە نەبیل مەرسوومی شارەزای ئابووری پێوەست بەو بابەتە ئاماژە دەكات كە خولی فرۆشتنی نەوت، واتە لە فرۆشتنیەوە تا گەیشتنی پارەكەی، نزیكەی پێویستی بە دوو مانگ هەیە، واتە بۆ ئەوەی بارە نەوتێك ببێتە داهات و بێتە سەر حیساباتی وەزارەتی دارایی عێراق.

روونی كردەوە، ئەوەش مانای وایە عێراق داهاتی نەوتی فرۆشراوی مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ لە مانگی ئادار بەدەست دەگات و ئەوەی مانگی شوباتیش لە مانگی نیسان، بە واتایەكی تر مووچەی مانگەكانی ئادار و نیسان بەو شەڕ و دۆخەی ئێستە كاریگەر نابن و دابین كراون. 

پێشتر كەریم حلو شارەزای ئابووری رای گەیاندبوو، بەردەوامیی شەڕ و پەرەسەندنەكانی ناوچەكە، بەتایبەتی لە نێوان ئێران و ئەمەریكا، ئەگەری پەككەوتنی هاتوچۆی دەریای لە گەرووی هورمز زیاتر دەكەن، ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی زۆری نرخی نەوت لە دنیا، عێراق رۆژانە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت لە رێگەی كەنداو هەناردە دەكات، بۆیە هەر داخرانێكی گەرووی هورمز ناچاری دەكات پەنا بۆ دەروازەی تری هەناردن ببات، كە سنووردار و تێچوویان زۆرە، ئەوەش دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی بەرچاوی داهات.  
  


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل