"پێش جەژن مووچەی مانگی ئادار دابەش دەكرێت"

:: AM:10:53:14/03/2026 ‌
وەزیری دارایی عێراق، فەرمانی بە ژمێركاری وەزارەت كردووە دەست بكەن بە دابەشكردنی مووچەی مانگی سێ‌، بۆ هەرێمی كوردستانیش ئەم مانگە 120 ملیار دینارەكە مەرج نییە.

ئەمڕۆ شەموو 14ـی ئادار، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" وەزیری دارایی عێراق فەرمانی بە یەكەی ژمێركاری وەزارەتەكەی كردووە، سبەی دەست بكەن بە دابەشكردنی مووچەی مانگی سێی فەرمانبەران.

ئەوەش زانراوە، بۆ مووچەی مانگی سێی فەرمانبەرانی ناردنی 120 ملیار دینارەكە مەرج نییە، چونكە بەهۆی داخستنی دەروازەكان و شەڕ، داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بە تەواوەتی كەمی كردووە، بۆیە ڕەنگە رێژەیەكی كەمتر دیاری بكرێت.

فازڵ نەبی بریكاری پێشتری وەزارەتی دارایی عێراق رای گەیاند، بەگوێرەی زانیارییەكان وەزیری دارایی عێراق بڕیاری داوە پێش جەژنی ڕەمەزان، دەست بە خەرجكردنی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەرانی عێراق بكرێت.  

دەشڵێت، بەگوێرەی بڕیارەكە پێش جەژن مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانیش خەرج دەكرێت، بەڵام نازانرێت لەم ماوە كەمەدا ئەوە دەكرێت یان نا.

هاوكات ئێستە هەرێمی كوردستان لیستی مووچەی مانگی سێی ئامادە كردووە تەنیا میزان موراجەعەی ماوە تەواوی بكات و بۆ بەغدای بنێرێت.



وشە - رامیار جەواد