وەزارەتی نەوتی عێراق: بۆ هەناردەی نەوتی عێراق هەرێمی كوردستان مەرجی هەیە

:: PM:01:27:15/03/2026 ‌
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرای دەكات، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رازی نییە، نەوتی كەركووك هەناردەی بەندەری جەیهانی توركی بكرێت و دەڵێ‌، "كۆمەڵێك مەرجی هەیە كە دەكرێت دواتر تاوتوێی بكەین".

ئەمڕۆ یەكشەم 15ی ئادار، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەنراوێكدا باس لە هەناردەی نەوتی كەركووك "عێراق" بۆ بەندەری جەیهانی توركی دەكات لە رێگەی بۆڕییە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستانەوە، لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، "لە سەرەتای تەنگژەكەی ناوچەكەوە بەردەوامین لە پێوەندی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی نەوت ئامادەیە دەست بە هەناردەی نەوت بكاتەوە بە بڕێك كە لە 300 بەرمیلی رۆژانە زیاتر نەبێت، لە رێگەی بۆڕییە نەوتییەكانی ناو هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان، سەرەڕای ئەو بڕە نەوتە كە لە كێڵگەكانی هەرێمەوە هەیە كە بەر لە بارودۆخی ئێستە هەناردە دەكرا و بڕەكەی 200 هەزار بەرمیل بوو".

وەزارەتی نەوتی عێراق باس لەوەیش دەكات، بۆڕییەكانی نەوتی هەرێم دەتوانن رۆژانە بڕی 900 هەزار بەرمیل رەوانە بكەن.

لەبارەی هەڵوێستی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی نەوت دەڵێ‌، "وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئێستە دووپاتی لەسەر رەتكردنەوەی ئەو بابەتە كردووەتەوە و كۆمەڵێك مەرجی داناوە كە پێوەندییان بە بابەتی هەناردەی نەوتەوە نییە".

 وەزارەتی نەوت لەبارەی مەرجەكانی هەرێمی كوردستان دەڵێ‌، "لەلایەن خۆمانەوە روونمان كردووەتەوە كە دەكرێت دواتر هاوتەریب لەگەڵ دەستپێكردنەوەی نەوت، تاوتوێی ئەو مەرجانە بكەین، چونكە دواخستنی هەناردە عێراق لە هەندێك داهات بێبەش دەكات، ئەمەیش وەك قەرەبووكردنەوەیەكە بۆ وەستاندنی نەوت لە دەروازەكانی باشوورەوە".

جارێكی تر لە راگەیەنراوەكەدا وەزارەتی نەوت داوا لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات كە دەستبەجێ دەست بە هەناردەی نەوت بكرێت، ئەمەیش لە روانگەی "بەرژەوەندیی باڵای نیشتمان و وەك جێبەجێكردنی دەستوور و یاسای بودجە".

ماوەی زیاتر لە 10 رۆژە وەزارەتی نەوت داوا لە هەرێمی كوردستان دەكات، رێگە بە هەناردەی نەوتی كەركووك بدات، لە رێگەی ئەو بۆڕییانەی كە خۆی ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ بوو بە سكاڵایەك لە دادگای پاریس وەستاندبووی. ئێستە هاوكێشەكە پێچەوانە بووەتەوە، ئەمەیش دوای ئەوەی ئێران هێرشی كردە سەر كەشتییە نەوتییەكانی عێراق، عێراق ناچار بوو هەناردەی خۆی لە بەندەرەكانی بەسرە بوەستێنێ‌.

 رۆژی پێنجشەمی رابردوو حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق ئاشكرای كرد، ناچارن هەناردەی نەوت لە سەرووی چوار ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بۆ ملیۆنێك و 400 هەزار بەرمیل كەم بكەنەوە.

ماوەی زیاتر لە 12 ساڵە بەغدا بە هۆی نەوتەوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی بڕیوە و مانگانە دوای مشتومڕێكی زۆر دەینێرێت.
 
 
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل