پارێزگاری هەڵەبجە رای گەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ رەزامەندی خەرجكردنی 267 ملیۆن دیناری بۆ چارەسەری بەركەوتووانی كیمیایی خەرج كردووە.
نوخشە ناسیح لە لێدوانێكیدا بۆ دەزگای میدیای "وشە" رای گەیاند، لە دوای 2014وە بەهۆی قەیرانی داراییەوە، بەركەوتووانی چەكی كیمیایی چارەسەری پێویستیان بۆ نەكراوە، ئەمەش وایكردووە ژیانێكی پڕ ئازار و مەینەت بەسەربەرن.
گوتیشی، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە دەرخستەیەكی بەبڕی 267 ملیۆن دینار، ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران كرد و وەڵامیان نەبوو، بەڵام ئێمە بەدوایدا چووین و دواجار ئەمڕۆ بڕیاری خەرجكردنی دراوە.
لەبارەی 16ی سێوە پارێزگاری هەڵەبجە لە لێدوانێكیدا گوتی: ئەم بابەتە پێویستی بەوردەكاریی زۆر هەیە، لە پارێزگاوە ئێمە پەیامی زۆرمان بۆ وڵاتان ناردووە كە یادی كارەساتی هەڵەبجە دەكەنەوە، لە وڵاتگەلێكی جیاوە یادی كارەساتی هەڵەبجە دەكرێتەوە، بۆیە بێ مانایە خۆمان ئەو رۆژە بكەینە پشوو و یادەكە نەكەینەوە.
باسی لەوەش كرد، پێویستە ئەم یادە بەرز رابگیرێت و بۆ چەندان ساڵی تر بەگرنگییەوە یاد بكرێتەوە، بەڵام لە كوردستان چۆن و بەچ شێوەیەك دەكرێتەوە ئەوە بۆ من گرنگە، دەبێت شتێك بكەین شایانی رووداوەكە بێت و لە یادەوەری نەتەوەییشماندا جێ بگرێت، نەوەكانمان لە بیری نەكەن كە چی بەسەر هەڵەبجەدا هاتووە.
"ئێمە لە پارێزگا یادی كارەساتی هەڵەبجە بەرز رادەگرین و بۆمان گرنگە بەباشترین شێوە ئەم یادە لە شارەكەدا بكرێتەوە، لە رووی چۆنیەتییەوە دەبێت لە ئاستی گەورەیی قوربانییەكە بێت".
هاوكات باسی لەوەش كرد، هەڵەبجە پێویستی بەزۆر شت هەیە و سبەی لە رۆژی یادكردنەوەی كارەساتی هەڵەبجەدا، داواكارییەكانیشمان بڵاو دەكەینەوە، دەتوانین بڵێین هەڵەبجە لە هەموو شوێنێكی تری كوردستان پێویستی زیاترە.