ماوەی هەشت بۆ 10 ساڵە لە هەرێمی كوردستان جووتیاران دەستیان كردووە بە بەرهەمهێنانی فستق و چاندنی دارەكەی، ئەمەیش وایكردووە ئێستە بۆ یەكەم ساڵ بەرهەمی فستقی خۆمان لە بازاڕدا هەبێت و تام و چێژەكەشی زۆر تایبەتە.
پاڵپشتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كشتوكاڵ بەردەوامە، ئەمەیش وایكردووە جووتیاران بیر لەو بەرهەمانە بكەنەوە كە پێشتر لە كوردستان نەبووە و نرخیشیان گرانە، ئێستە لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زۆر لە جووتیاران فستق بچێنن.
بەرهەم عومەر خاوەن نەمامگەیەكی كڕین و فرۆشتنی دار فستقە و لەگەڵ كۆمەڵێك جووتیاری تر، سەرقاڵی دروستكردنی گرووپێكی تایبەتن بە چاندن و ساغكردنەوەی فستق، بۆ "وشە" دەڵێت، نزیكەی 500 دۆنم زەوی بە فستق چێنراوە، بەڵام كێشەی ئەوەیە درەنگ بەرهەم دەدات، هەركاتێكیش بەرهەمی دا،ساڵ دوای ساڵ بەرهەمەكەی زیاتر دەبێت.
باس لەوەش دەكات، دروستبوونی دارێكی بەرهەمداری تەواوەتی دار فستق، پێویستی بە 10 ساڵە و بۆ ماوەی 100 ساڵ دەتوانێ بەرهەمت پێ بدات، بەردەوامیش لەگەڵ گەشەی درەختەكە بەرهەمەكەشی زیاد دەبێت.
ئاماژەی بەوەش كرد، بەرهەمی فستق باشییەكەی لەوەدایە دوای پێگەیشتنی بەرهەمەكە ئیتر جووتیار پارەیەكی باشی دەست دەكەوێت، چونكە نرخی كیلۆیەكی بۆ جووتیار 10 هەزار دینار دەكات و لە بازاڕیشدا بە 20 بۆ 25 هەزار دینار دەگاتە دەست كڕیار، چونكە كەمە و خەڵكانێكیش هەن بەدوای بەرهەمی خۆمانە و دەگمەن دەگەڕێن.
"ئەمساڵ مانگی 10 بەرهەمی فستق پێگەیشتووە و دەتوانین بڵێین 30 تۆنێك لە بازاڕدا هەیە، ئەو بەرهەمەش خواستێكی زۆری لەسەرە، بەڵام كڕیار بۆ ئەم جەژنە دەتوانێت دەستی بخات و لە ماڵەكەی هەبێت.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوای ئەوەی تاوتوێی ئەوەی كرد كە ژینگەی دار فستق لە كوردستان گونجاوە، بۆیە بڕیاری دا پشتێنەی سەوزایی هەولێر، پڕۆژەیەكی ستراتیجی و گرنگی هەولێری پایتەختە و بەشێوەی بازنەیی بە چواردەوری هەولێردا دەسووڕێتەوە و دەكەوێتە دوای شەقامی 150 مەتری، پانی پشتێنەكە دوو كیلۆمەترە، لەگەڵ دروستكردنی زیاتر لە 10 پۆند، بڕیارە لەو پڕۆژەیەدا داری زەیتوون و فستق بچێنرێن، ئامانج لە پڕۆژەكە جگە لە زیادكردنی ڕووبەری سەوزایی، پاراستنی زەوییە كشتوكاڵییەكانە.
رێبەند خۆشناو ئەندازیاری كشتوكاڵ، بۆ "وشە" رای گەیاند، هەرێمی كوردستان هەنگاوی گەورەی ناوە لە بواری بەرهەم و چاندنی فستق، بە دڵنیاییەوە لە ساڵانی داهاتوودا كوردستان لەو بەرهەمە زۆر پێش دەكەوێت و بەرهەمی زۆر زیاد دەكات.
دەشڵێت، ئێستە جووتیاران بەشێوەیەكی پێشكەوتوو داوا لە شارەزایانی كشتوكاڵ دەكەن، پشكنین بۆ زەوییەكانیان بكەن كە ئایا گونجاوە بۆ چاندنی فستق یان نا، ئەمەیش دەرخەری ئەوەیە لە داهاتوودا فستقی تەندروست و باش بەرهەم دێت و جووتیاران ئەو بەرهەمە لە كوردستان بەرهەم دەهێنن.
بە گوتەی ئەو ئەندازیارە، سەركەوتنی دار فستق، خواستی چاندنی ئەم بەرهەمەی لای جووتیاران زیاتر كرد، بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەكان، ئێستە نزیكەی 600 تا 800 هەزار دار فستق لە هەرێمی كوردستاندا هەن، 500 جووتیاریش خاوەنی باخی فستقن.
لە كۆی باخە نموونەییەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ كە سەركەوتنیان بەدەست هێنا، 18 باخیان لە پارێزگای دهۆكن. بەشێك لەو باخانەش لە قۆناغی بەرهەمدان، سەركەوتنی ئەم باخانەش خواستی چاندنی دار فستقی لای جووتیارانی پارێزگای دهۆك زیاد كردووە.
لاوەند مەمووندی پزیشكی تاقیگە لەبارەی فستق، بۆ "وشە" دوو سوودی زۆر گرنگی دیاری كرد:
یەكەم – خواردنی فستق لە نەخۆشییە مەترسیدارەكان دەمانپارێزێت، یەكێك لە كاریگەرترین سوود كە فستق هەیەتی، ئەوەیە كە جەستە بەتەواوەتی لە مادە زیانبەخش و ژەهر و خانە شێرپەنجەییەكان پاك دەكاتەوە، ئەمەیش بەهۆی دژە ئۆكسانە بەهێزەكان و ڤیتامینە كاریگەرییەكانی وەك ڤیتامین E وC كە دەتپارێزن لە نەخۆشیی مەترسیدار.
دووەم – رۆژانە خواردنی فستق خانەكانی مێشك چالاك دەكات، یەكێكی تر لە سوودەكانی فستق ئەوەیە كە لە نەخۆشیی مێشك دەتپارێزێت، باوترینیان نەخۆشیی زەهایمەرە "لەبیرچوونەوە"، ئەمەیش بەهۆی ئەوەی فستق دەوڵەمەندە بە مادەی ریشاڵی بەسوود كە كاریگەری لەسەر نەهێشتنی خانە زیانبەخشەكان لەناو مێشكدا دروست دەكات.
بەپێی ئامارەكان، ئەمەریكا لە هەناردە و بەرهەمی فستق لەسەر ئاستی دنیا لە پلەی یەكەمدایە، ساڵانە 400 تا 440 هەزار تۆن فستقی هەیە، ئێران لە پلەی دووەمدایە ساڵانە 220 هەزار تا 280 هەزار تۆن بەرهەمی هەیە، توركیاش ساڵانە 120 تا 170 هەزار تۆن فستقی هەیە.