ئەمڕۆ یەکشەم 15ی ئاداری 2026، مۆفەق محەمەد ڕۆژنامەنووسی نێودەوڵەتی، لە بەشێکی زنجیرە وتارەکانیدا لەبارەی داهاتە گشتییەکان بە ناونیشانی "ئەو پارە زۆرەی عێراق ساڵانە دەستی دەکەوێت بۆ کوێ دەچێت؟"، ئاشکرای کرد کە ئەو بیانووە باوەی دەڵێت دەوڵەت بە ڕێژەی 92٪ پشت بە فرۆشتنی نەوتی خاو دەبەستێت بۆ دەرەوە تا مووچە و بودجەی گشتی دابین بکات، ڕاست نییە.
ئەو ڕۆژنامەنووسە دەپرسێت، داهاتە ناوخۆییەکانی دەوڵەت ساڵانە چەندە و ئەو داهاتانە بۆ کوێ دەچن؟ بۆچی مووچە و شایستە داراییەکان بەبێ جیاوازی نادرێتە هەموو هاووڵاتییان؟
لە شیکردنەوەکەیدا، مۆفەق محەمەد تەنیا وەزارەتی نەوتی وەک نموونە هێناوەتەوە بۆ زانینی قەبارەی ئەو داهاتەی ساڵانە دەستی دەکەوێت و دەڵێت، بەپێی داتا بەردەستەکان، بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق ڕۆژانە نزیکەی 4.4 ملیۆن بەرمیلە، لەو بڕەیش نزیکەی 3.3 بۆ 3.4 ملیۆن بەرمیلی هەناردەی دەرەوە دەکرێت، ئەوەی دەمێنێتەوە کە ڕۆژانە نزیکەی 1.1 ملیۆن بەرمیلە، لە ناوخۆدا بۆ پاڵاوتن، بەرهەمهێنانی کارەبا و کەرتی گواستنەوە بەکار دەهێنرێت.
وەک لە نووسینەکەدا هاتووە، بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوت بۆ ساڵی 2024، نزیکەی 36 ملیار لیتر بەرهەمی نەوتی لە ناوخۆدا فرۆشراوە. ئەو ڕۆژنامەنووسە ئاماژە بەوە دەکات، داهاتی بەدەستهاتوو لە فرۆشتنی ئەو بەرهەمە نەوتییانە لە ناو عێراقدا، ساڵانە بە نزیکەی 18 تریلیۆن دینار دەخەمڵێنرێت، کە دەکاتە نزیکەی 14 ملیار دۆلاری ساڵانە.
لە کۆتاییدا مۆفەق محەمەد دووپاتی دەکاتەوە، ئەم هاوکێشەیە زۆر سادەیە و تەنیا تایبەتە بە داهاتی یەک وەزارەت، بۆیە پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە: داهاتی دامەزراوە حكوومییەکانی تر چەندە و بۆ کوێ دەچن؟ ڕوونیشی کردووەتەوە، کە ئەم شیکردنەوەیە ئەو بیانووە هەڵدەوەشێنێتەوە کە ئابووریی عێراق تەنیا پشتی بە هەناردەی دەرەوە بەستووە، و دەری دەخات کە سەرچاوەی گەورە لە ناوخۆی عێراقدا هەن و هەموو شتێک پێوەندیی بە نرخی نەوتی جیهانییەوە نییە.