ئەمشەو یەکشەم 15ی ئاداری 2026، عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕای گەیاند کە بازرگانیی نایاسایی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ئێستە عێراق هەموو ڕێگەکانی بازاڕی لەدەست داوە. بۆ دەرچوون لەو چەقبەستووییەش، مەسروور بارزانی سەرۆکی حكوومەت، لە نامەیەکدا نەخشەڕێگەیەکی بۆ پرسی گومرگ ئاراستەی محەمەد شیاع سوودانی کردووە.
عەزیز ئەحمەد لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسیویەتی، با ئەو هەڵمەتە چەواشەکارییە ڕوون بکەینەوە کە لەلایەن چەند کەسێکی دیاریکراوەوە لە بەغدا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەڕێوە دەچێت، ئەو کەسانەی ناتوانن بەرگری لە هەڵە و حەماقەتی سیاسەتە داراییەکانی حكوومەتی عێراق و ئیدارەدانی ئەم قەیرانە بکەن.
هەروەها ڕوونی کردووەتەوە، سەرەتا ڕاستییە ئاشکراکە بڵێین، ئێمە دەمانەوێت لە لایەکەوە هاوکاریی بەغدا بکەین بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت، لە لایەکی تریشەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی بگەیەنینە ئەوپەڕی، بەتایبەتی لەم بارودۆخە نائاساییەدا. بەپێچەوانەی ئەو هەواڵانەی بڵاو کراونەتەوە، حكوومەتی هەرێمی کوردستان زنجیرەیەک داواکاریی پێشکەش نەکردووە. تەنیا یەک داواکاریی بەردەوام هەبووە، ئەویش هەڵگرتنی ئەو گەمارۆ بازرگانییەیە کە لە یەکی کانوونی دووەمەوە خراوەتە سەر هەرێمی کوردستان.
لەبارەی هۆکاری گرنگیی ئەم بابەتەوە، دەڵێت، چونکە لە ئەنجامی ئەم گەمارۆیەدا، بازرگانیی فەرمی بۆ ناو هەرێم لەناوچووە و گواستنەوەی بانکی بۆ هاوردەکردن گەیشتووەتە سفر، ئەوەش لە کاتێکدایە کە دەبێت هەموو هەوڵێک بۆ زیادکردنی بازرگانی بدرێت.
ئاماژەی بەوەش داوە کە بازرگانیی نایاسایی (قاچاغ) بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، ئەمەش هاوردەکارانی ناچار کردووە تا 15٪ زیاتر بدەن بۆ کڕینی دۆلار لە بازاڕە ناوخۆییەکانی سەرانسەری عێراق، کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان، لەوانەش نرخی خۆراک بۆ هەموو عێراقییەکان. هاوکات داهاتە ناوخۆییەکانی حكوومەتی هەرێم (نانەوتی) بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیون، ئەمەش توانای هەرێمی لاواز کردووە بۆ دابینکردنی ئەو بڕە پارە مانگانەیەی وەک مەرج بۆ بەغدا دیاری کراوە بۆ پارەدارکردنی مووچەکان.
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حكوومەت ئاشکرای کردووە، بۆ کۆتاییهێنان بەم چەقبەستووییە چەند ساڵەیە، مەسروور بارزانی سەرۆکی حكوومەت نامەیەکی بۆ محەمەد شیاع سوودانی نووسی و تێیدا نەخشەڕێگەیەکی بۆ پرسی گومرگ خستە ڕوو، لە پێناو بەرژەوەندیی یەکڕیزیی نیشتمانی و ئەو بارودۆخە نائاساییەی وڵات پێیدا تێدەپەڕێت.
لە نامەکەدا سەرۆکی حكوومەت ئەم سێ پێشنیازەی خستووەتە ڕوو:
یەکەم: حكوومەتی هەرێمی کوردستان پێناسەی گومرگیی فیدراڵی لە هەموو دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکاندا جێبەجێ بکات.
دووەم: حكوومەتی هەرێم سیستمی بەڕێوەبردنی گومرگی (ئەسیکۆدا)ی تایبەت بە خۆی جێبەجێ بکات کە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمەوە بەڕێوە دەبرێت، زانیارییەکان موڵکی هەرێم بن و لای خۆی پارێزراو بن، لەگەڵ هاوبەشکردنی زانیارییەکان بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی. هەڵسەنگاندنی ئێمە ئەوەیە کە ئەمە تا کۆتایی ئەمساڵ تەواو دەبێت.
سێیەم: تا ئەو کاتە، حكوومەتی هەرێم وردبینێکی دەرەکی دەهێنێت بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە، ئەلف: هەموو پێناسە گومرگییە فیدراڵییەکان بە وردی جێبەجێ دەکرێن. با: هەموو گواستنەوەیەکی دۆلار بەستراوەتەوە بەو کاڵا هاوردەکراوانەی کە پشکنینیان بۆ کراوە. ئەمەش نیگەرانییەکانی بەغدا سەبارەت بە دزەکردنی داهات و هەروەها پێویستیی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ پشتڕاستکردنەوەی گواستنەوەی دۆلار بۆ دەرەوە بەرانبەر بەو کاڵایانەی دێنە ناو وڵات، چارەسەر دەکات.
عەزیز ئەحمەد ئاشکرای دەکات، کە ڕۆژی پێنجشەم لە پێناو گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ تیمی عێراقی کۆبوونەوەتەوە، و دەڵێت ئەوان سوور بوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت هەموو هاوردەیەک بۆ هەرێمی کوردستان تەنیا لە ڕێگەی سیستمی (ئەسیکۆدا)ی فیدراڵییەوە بێت، هەموو داهاتی گومرگیش ڕاستەوخۆ بڕژێتە ناو خەزێنەی فیدراڵی، ئەمەش پێشێلکارییەکی ئاشکرای ڕێککەوتنی ئێستە و مافە دەستوورییەکانی ئێمەیە.
لە کۆتایی قسەکانیدا عەزیز ئەحمەد دووپاتی دەکاتەوە، ئێمە ئەوکات دووپاتمان کردەوە و ئەمڕۆش بە ئاشکرا دەیڵێینەوە كە حكوومەتی هەرێمی کوردستان پێناسەی گومرگی یەک دەخات و سیستمی (ئەسیکۆدا) جێبەجێ دەکات، بەڵام کاتی پێویستە بۆ ئەوە. تا ئەو کاتە، هیچ ڕێگەیەکی تر نییە. عێراق هەموو ڕێگەکانی بازاڕی لەدەست داوە، چ بۆ هەناردەکردن و چ بۆ هاوردەکردن. عاقڵانەیە بۆ وڵات کە ئەم گەمارۆیە هەڵبگرێت، ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیاد بکات و مامەڵە بانکییە فەرمییەکان بگەڕێنێتەوە تا ئەو کاتەی سیستمی گومرگی لە هەموو سنوور و فڕۆکەخانەکانی هەرێم جێگیر دەکرێت.
هەروەها هیوای خواست لە بەغدا عەقڵانیەت و واقیعبینی سەرهەڵبدات و گوتی، ئێمە ڕێککەوتنمان دەوێت. دەمانەوێت هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆڕییەوە دەست پێ بکاتەوە بۆ ئەوەی ببێتە مایەی حەسانەوەی خێرا و دابینکردنی نەختینە بۆ هەموو وڵات بەگشتی. ئێمە لەم قۆناغەدا پێکەوەین. گەمارۆکە هەڵبگرن.