هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران چووەتە سێیەم هەفتە و بەردەوامە، هاوكات داخستنی گەرووی هورمز لە لایەن ئێران وەك كارتێكی گوشار بۆ وەستانی شەڕ ئەویش بەردەوامە، تۆڕی "سی ئێن ئێن"ی ئەمەریكی ئاماژە دەكات كە ئەو بڕە نەوتەی لە یەدەگی ستراتیجیی دنیا بەكار هێنراوە، تەنیا بەشی 26 رۆژی تر دەكات.
تۆڕەكە لە راپۆرتێك باسی كردووە كە هەفتەی رابردوو ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە بڕیاری دا بە بەكارهێنانی 400 ملیۆن بەرمیل لە یەدەگی ستراتیجیی نەوت، ئەوەش بە بەشداریی چەند وڵاتێك لەوانە ئەمەریكا، وەك هەوڵێك بۆ دابەزاندنی نرخی نەوت لە دنیا، كە لە دوای داخستنی گەرووی هورمز زۆر بەرز بووەتەوە.
راپۆرتەكە دووپاتی كردەوە كە سەرەڕای بەكارهێنانی ئەو بڕە نەوتە، بەڵام نرخی نەوت دابەزینێكی بەرچاوی نەبوو، كاتێك داخستنی گەرووی هورمز بووە هۆی كەمبوونەوەی گەیشتنی 15 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ بازاڕەكان، جیا لە پێنج ملیۆن بەرمیل بەرووبوومە نەوتییەكان، ئەوەش مانای وایە ئەو 400 ملیۆن بەرمیلەی لە یەدەگی ستراتیجی بەكار هێنراوە، تەنیا بە شی 26 رۆژ دەكات لە حاڵەتی بەردەوامبوونی داخرانی گەرووەكەوە.