حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق، لە دیمانەیەكی لەگەڵ كەناڵی شەرقییە ئاشكرای دەكات لە هەشتی مانگەوە تا ئێستە، عێراق یەك دینار داهاتی نەبووە. لەبارەی هەناردەی نەوتیش دەڵێ، "تەنیا ئەوەی هەرێمی كوردستانە كە رۆژانە لە نێوان 14 تا 20 هەزار بەرمیلە".
ئەمڕۆ سێشەم 17ی ئادار كەناڵی شەرقییە، لێدوانێكی
حەیان عەبدولغەنی بڵاو كردووەتەوە و دەڵێ، "لە هەشتی مانگەوە تا ئێستە هیچ پارەیەكمان داهات نەبووە" ئەو رۆژنامەنووسەی لێدوانی لێ وەرگرتووە، لێی دەپرسێ "یەك درهەمیش؟" وەزیری دووپاتی دەكاتەوە، "بەڵێ ئەوە لە هەشتی مانگەوە وایە".
وەزیری نەوت ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، عێراق هیچ هەناردەیەكی نییە و تەنیا ئەوە نەبێت كە رۆژانە لە هەرێمی كوردستان هەناردە دەكرێت و بڕەكەی لە نێوان 14 تا 20 هەزار بەرمیلە.
بەر لە هەڵگیرسانی شەڕی ئێران عێراق نزیكەی چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە دەكات، لە 90% بودجەكەی بە داهاتی نەوت دابین دەكات.