ئەمڕۆ لە چەمچەماڵ، كۆتا قۆناغی هاوكارییەكانی تایبەت بە لافاوەكەی چەند مانگی ڕابردوو لەلایەن كۆمسیۆنی فریاگوزارییەوە دابەش كرا. بڕی ئەو پارەیەی لەم قۆناغەدا تەرخان كرابوو زیاتر لە 471 ملیۆن دینار بوو.
عومەر حەمەڕەشید ئەندامی كۆمسیۆنی فریاگوزاریی چەمچەماڵ ڕای گەیاند، لەم قۆناغەدا 187 كەس هاوكارییەكەیان وەرگرتووە. ئەم كەسانە پێشتر بڕە پارەیەكیان وەرگرتبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی سكاڵایان لەسەر بڕی قەرەبووەكانیان هەبوو، لەلایەن لیژنەی تایبەتەوە پێداچوونەوە بە زیانەكانیان كرا و دووبارە هاوكارییەكەیان بۆ خەرج كرایەوە.
بەپێی ئاماری لیژنەكە، قەرەبووەكە بەم شێوەیە دابەش كراوە: نیشتەجێبوون: 42 كەیس، بڕی هاوكارییەكەیان زیاتر لە 80 ملیۆن دینار بووە. بازرگانی: 45 كەیس، بڕی هاوكارییەكەیان زیاتر لە 120 ملیۆن دینار بووە. ئۆتۆمبێل: 18 كەیس، كۆی هاوكارییەكانیان 27 ملیۆن دینار بووە. بیناسازی: 82 كەیس، كۆی هاوكارییەكانیان 244 ملیۆن دینار بووە.
لەبارەی بڕی هاوكارییەكان بۆ هەر كەیسێك، عومەر حەمەڕەشید ئاماژەی بەوە كرد، كەمترین بڕی هاوكاری كە ئەمڕۆ دابەش كراوە، 250 هەزار دینار بووە، زۆرترین بڕی هاوكاری بۆ زیانلێكەوتووان گەیشتووەتە 10 ملیۆن دینار. 471 ملیۆن دینار وەك قەرەبوو بەسەر زیانلێكەوتووانی لافاوەكەی چەمچەماڵ دابەش كرا.
بەپێی ئامارەكان، نزیكی 10 ملیار دینار بۆ زیانلێكەوتووانی چەمچەماڵ كۆ كرایەوە، بەڵام بەشێكی زۆری ئەو پارەیە نەدرا بەخەڵكەكە، لیژنەكە بڕیاری دا لە پڕۆژەی شارەكەدا خەرجی بكەن.