بەهۆی هێرشەكانی ئەمڕۆی ئیسرائیل جارێكی تر نرخی نەوت هەڵكشا

:: PM:05:07:18/03/2026 ‌

هاوكات لەگەڵ بەردەوامیی هەڵمەتە سەربازییە هاوبەشەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، داخرانی گەرووی هورمز لە لایەن ئێران و پەككەوتنی گەیشتنی نەوتێكی زۆر بۆ بازاڕەكان و وەستانی بەرهەمهێنانی نەوتی چەند وڵاتێكی بەرهەمهێن كێشەیەكی گەورەی بۆ بازاڕی نەوت دروست كردووە و نرخی نەوتی بەرز كردووەتەوە، ئەمڕۆ لە دوای كردنەئامانجی گەورەترین كێڵگەی غازی ئێران نرخی نەوت لە 109 دۆلار نزیك بووەوە.

بەپێی داتای مامەڵكردن و كڕین و فرۆشتنی نەوت، نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا هەڵكشا، كاتێك نرخی خاوی برنت بە رێژەی 5% بەرز بووەوە و نرخی بەرمیلێكی گەیشتە 108.6 دۆلار.

ئەمڕۆ میدیاكانی ئێران و ئیسرائیل رایان گەیاند كە هێرش كراوەتە سەر بەشێكی كێڵگەی غازی پارس لە باشوور و چەند دامەزراوەیەكی نەوت لە عەسلەویە، سەرچاوە ئیسرائیلییەكان دەڵێن، ئەو هێرشە یەكەم كردنەئامانجی ژێرخانی ئابووریی ئێرانە، كە بە هاوئاهەنگی و رەزامەندیی ئەمەریكا ئەنجام دراوە.

لای خۆیەوە گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی قەتەڕ رای گەیاند كە كردنەئامانجی دامەزراوەكانی كێڵگەی غازی پارس لە ئێران لە لایەن ئیسرائیلەوە، كە بەرەو كێڵگەی غازی باكوری قەتەڕ درێژ بووەتەوە، كردنەئامانجی ژێرخانی وزەیە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی وزە لە دنیا و گەلانی ناوچەكە و ژینگەكەی.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل