روانگەیەك: داهاتی رۆژانەی ئێستەی نەوتی كەركووك 24 ملیۆن دۆلارە

:: PM:09:28:18/03/2026 ‌

ئەمڕۆ هەناردنی نەوتی كێڵگەكانی كەركووك لە رێگەی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان بەرەو بەندەری جەیهانی توركیا دەستی پێ كرد، ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ سەرۆك وەزیرانی هەرێم رەزامەندیی هەولێری لەسەر پرۆسەكە راگەیاند، روانگەیەكی بواری وزە دووپاتی كردەوە كە لەو پرۆسەیە رۆژانە 24 ملیۆن دۆلار دەچێتە گەنجینەی عێراق.

دوێنێ مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا رای گەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخە نائاساییەی كە ڕووبەڕووی وڵات بووەتەوە و ئەو بەرپرسیارێتییەی كە ئەركی هەموومانە كار بكەین بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە، بڕیارمان دا كە لە زووترین كات دا، ڕێگە بدەین نەوت لە ڕێگەی بۆڕی هەرێمی كوردستاندا بڕوات.

روانگەی "ئیكۆ عێراق"، لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە هەناردنی نەوتی كەركووك لە رێگەی بۆری نەوتی هەرێم 24 ملیۆن دۆلاری رۆژانە بۆ گەنجینەی دەوڵەتی عێراق بەپێی نرخی ئێستەی نەوت لە بازاڕەكان دێنێت، ئەو بڕە نەوتە هەناردەكراوەی ئێستە 6% هەناردەی نەوتی عێراق پێك دێنێت، روونی كردەوە، داهاتی رۆژانەی عێراق لە هەناردنی 200 هەزار بەرمیل بە نرخی 100 دۆلار بۆ بەرمیلێك، لە دوای بڕینی كرێی گواستنەوە كە دەكاتە 3.15 دۆلار بۆ بەرمیلێك، دەگاتە 24.21 ملیۆن دۆلاری رۆژانە.

لەو كاتەی روانگەكە ئاماژە دەكات كە دەست پێكردنی هەناردنی نەوت بەو بۆریە 6%ی هەناردنی نەوتی عێراق پێك دێنێت و چارەسەرێكی رێژەیی بۆ ئەو زیانەی بەهۆی وەستانی هەناردنی لە باشوور بە عێراق كەوتووە، د. نەبیل مەرسوومی شارەزای ئابووری ئاماژە دەكات كە دوای رەزامەندیی هەرێم بۆ بەكارهێنانی بۆریەكەی بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركووك، دەكرێ لە رێگەی هەردوو بۆری كۆن و نوێ رۆژانە تا 350 هەزار بەرمیل نەوت بێتە هەناردەكردن، ئەوەش ئەوپەڕی توانای بەرهەمهێنانی كێڵگەكانی كەركووكە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل