كەشتییەكی تایلەندی به‌ گه‌رووی هورمز تێپەڕی

:: AM:11:25:25/03/2026 ‌

وەزیری دەرەوەی تایلەند ئاشكرای كرد، كەشتییەكی پڕ لە نەوتی وڵاتەكەی بە گەرووی هورمز تێپەڕی، ئەمەیش دوای گفتوگۆكردن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێران و ڕازیبوونیان بە تێپەڕینی كەشتییەكە بە گەرووی هورمزدا.

سیهاساك فوانگكیتكیو وەزیری دەرەوەی تایلەند ئاشكرای كرد، دوو كەشتیی تایلەندی لە ئاوەكانی كەنداو بوونیان هەیە و یەكێكیان لەلایەن كۆمپانیای بانگتشاك بۆ وزە و ئەوەی تریشیان لەلایەن كۆمپانیای ئێس سی جی بۆ كیمیایی خاوەنداری دەكرێن.

زیاتر گوتی، كەشتیی كۆمپانیای یەكەم كە تایبەتە بە وزە و كەشتییەكە پڕە لە نەوت، توانیویەتی گەرووی هورمز بە سەلامەتی تێپەڕێنێت و ئێستەیش لە ڕێگەیە بەرەو تایلەند دەریا دەبڕێت.

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، چاوەڕوان دەكەین لە داهاتوویەكی نزیكدا دووەم كەشتیی تایلەندیش بەهەمانشێوە بە سەلامەتی بە گەرووەكە بڕوات و بگاتە ئاوەكانی دەریای عەرەب.

پێگەی كۆمپانیای بانگتشاك لەوبارەیەوە بڵاوی كردووەتەوە، كەشتییەكەیان هەڵگری نەوتی خاوە و لە ناوەڕاستی نیسان/ئەپریل دەگاتەوە تایلەند.

تێپەڕینی ئەو كەشتییە بە ڕەزامەندی و هاوئاهەنگی بووە لەگەڵ ئێران، ئەمەیش لە كاتێكدایە پێشتر كۆماری ئیسلامیی ئێران ڕای گەیاندبوو، گەرووی هورمز بۆ كەشتیی هەموو وڵاتان كراوەیە، تەنیا بۆ وڵاتانی دوژمن نەبێت كە مەبەست لێی ئەمەریكا و ئیسرائیلە. 

لە سەرەتای دەستپێكی جەنگ لە دژی ئێران، تا ئێستە چەندان كەشتی هێرشیان كراوەتەسەر و ئاگریان لێ بەرز بووەتەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د