لەبارەی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەران، "وشە" لە ڕێی سەرچاوەكانییەوە بەدواداچوونی وردی كرد و دەركەوت هاتنی مووچەی ئەم مانگە لەلایەن بەغداوە، ئاسانتر دەبێت لە رابردوو.
ئەمڕۆ زۆرێك لە زانیاریی جۆراوجۆر لەبارەی مووچەی مانگی ئادار بڵاو كرایەوە، "وشە" وەك هەمیشە لەبارەی مووچەی تا دڵنیا نەبێت زانیاری بڵاو ناكاتەوە، بەڵام ئێستە زانیاریی ئەوە گەیشتووە كە بەغدا كێشەی لەگەڵ ناردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ ئەم مانگە نەماوە.
سەرچاوەیەكی ئاگەدار، بە "وشە"ی گوت، بەغدا دەستی بە دابەشكردنی مووچە كردووە، دوای ئەم پشووە هەرێمی كوردستان لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە رەوانە دەكات و دواتر داهاتی نانەوتی كۆ دەكاتەوە.
سەرچاوەكە دڵنیایی دا كە ئەم مانگە هاتنی مووچە لە بەغداوە ئاسانتر دەبێت، چونكە ئەو ڕێككەوتنەی كە لەسەر بەكارهێنانی بۆریی نەوت كرا، گرژییە داراییەكانی كەم كردەوە و بەغدا بڕوای ئەوەی بۆ دروست بووە كە نابێ چیتر بیانوو بۆ مووچە بدۆزێتەوە.
لەبارەی شەڕ و داهاتی ناوخۆی كوردستان، ئەو سەرچاوەیە زانیاریی نەبوو، بەڵام ئەوەی گوت، 120 ملیار دینارەكە یەكێكە لە مەرجەكانی ناردنی مووچە، بەڵام پێ دەچێ بۆ ئەم مانگە كە جەنگ لە ناوچەكەدا هەیە بەغدا لەوبارەیەوە نەرمی بنوێنێت و ئەوەی كۆ كرابێتەوە رەوانە بكرێ /بەڵام ئەوە پێشبینی و ئەگەرە/.
هەر ئەمڕۆ، رێباز حەملان بریكاری دەستلەكاركێشاوەی وەزارەتی دارایی عێراق رای گەیاند، هەفتەی داهاتوو هەرێم تەواوی پابەندییەكانی تایبەت بە ناردنی مووچە لە بەغداوە جێبەجێ دەكات، چاوەڕوانن بەغداش مووچەی هەرێم لەگەڵ دابەشکردنى مووچەی مووچەخۆرانی خۆی بنێرێت.