تەماتە گەڕایەوە بازاڕ و ئەمڕۆ هەرزان دەبێت

:: AM:11:06:26/03/2026 ‌
دوای كەمبوونەوەی بەرهەمی تەماتە و رێگەدان بە هاوردە، ئەمڕۆ چەند بارێك تەماتە كەوتەوە بازاڕ و نرخی هەرزان دەبێت، لە عەلوەش دەڵێن ئەمڕۆ 500 دینار هەرزان بوو.

ئەمڕۆ پێنجشەم 26ـی ئادار، بەهادین تەها لە عەلوەی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، حكوومەتی عێراق بڕیاری دا بە كردنەوەی ڕێگەی هاوردەكردنی تەماتە، بڕیارەكە هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە و بەهۆیەوە نرخی تەماتە هەرزان بوو.

زیاتر گوتی، هەفتەی پێش جەژن كیلۆیەك تەماتە لە عەلوە بە 950 بۆ هەزار و 250 دینار فرۆشرا، بە هەزار و 750 دینار بۆ دوو هەزار دینار دەگەیشتە دەست هاووڵاتی، بەڵام ئەمڕۆ نرخی كیلۆیەك تەماتە بە هەزار و 250 دینار دەگاتە دەستی هاووڵاتی.

باسی لەوەش كرد، گرانبوونەكەی نەمانی تەماتەی عێراق و كەمبوونەوەی بوو، گۆڕانی وەرزیش وایكرد ئەمساڵ درەنگ تەماتەی عێراق پێبگات بۆیە گران بووە، پێشبینیش دەكرێت ئەو رێگەدانە بە هاوردە تا مانگێكی تر بەردەوام بێت.

روونی كردەوە، ئەمڕۆ چەند بارهەڵگرێك لە تەماتە داخلی عەلوەكانی عێراق بوون، لە ڕۆژانی داهاتوودا زیاتر دەبێت، بۆیە نرخەكەی هێشتا دادەبەزێت.



وشە - رامیار جەواد