قەرەبووی ئەو پارە پێشوەختەیە دەکرێتەوە کە بۆ کارەبای مۆلیدە وەرگیراوە

:: PM:11:28:26/03/2026 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم 26ی ئاداری 2026، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای مۆلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێر ڕای گەیاند کە بەهۆی باشبوونەوەی کارەبای نیشتمانی، خاوەن مۆلیدەکان قەرزداری هاووڵاتییان بوونەتەوە و لە کاتی بڕانی کارەبادا قەرەبوویان دەکەنەوە.

خۆران خۆرانی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای مۆلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێر، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا کە پێشتر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، خشتەیەک بۆ کارکردنی مۆلیدەکانی سنووری ناو شار، شارۆکە و شارەدێیەکانی پارێزگای هەولێر دانرابوو، کە تێیدا بڕێک پارەی پێشوەختە لە هاووڵاتییان وەرگیرا بۆ پێدانی کارەبا.

ڕوونیشی کردەوە، دوای چاکبوونەوەی کارەبای نیشتمانی، خاوەن مۆلیدەکان بەگشتی بوونەتە قەرزداری هاووڵاتییان، بەڵام خاوەن مۆلیدەکان هاوکاری وەزارەتی کارەبا و هاووڵاتییانی شاری خۆمان بوون، بۆیە لە هەر کاتێکدا کارەبای نیشتمانی بپچڕێت، ئامادەین ئەو قەرزەی لای ئێمەیە بە پێدانی کارەبا بیدەینەوە.

لە کۆتاییدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای مۆلیدە ئەهلییەکان دووپاتی کردەوە کە کاری مۆلیدەکان بەردەوام لەژێر ڕێنماییەکانی پارێزگاری هەولێر و قایمقامی ناوەندیی هەولێر بەڕێوە دەچێت بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندیی گشتی.


وشە - پۆڵا مەحموود