هەناردەی برنج لە تایلاندەوە بۆ عێراق وەستا

:: PM:01:28:28/03/2026 ‌
ئاژانسی پلاتس سەر بە گرووپی ستاندارد ئاند پوورز ئاشكرای كرد، هەناردەی برنج لە تایلاندەوە بۆ عێراق وەستاوە، بە هۆی ئەو بارودۆخەی لە كەنداو دروست بووە.

ئەمڕۆ شەموو 28ی ئادار ئاژانسی پلاتس كە سەربە كۆمپانیای ئابووری ستاندارد ئاند پوورزی ئەمەریكییە، لە چەندان فرۆشیاری برنج لە بانكۆكی پایتەختی تایلاند ئاشكرای كردووە، ئەو بارە برنجەی كە بۆ عێراق ئامادە دەكرا بە تەواوی وەستاوە و هیچ بارێكی نوێ رەوانەی عێراق نەكراوە.

سەبارەت بە هۆكارەكە ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، ناسەقامگیری لە ناوچەی كەنداو و بەرزبوونەوەی خەرجی گواستنەوەی دەریایی هۆكارن بۆ وەستاندنی هەناردەی برنج بۆ عێراق.

ئەو برنجەی لە تایلاندەوە هاوردە دەكرێت وەك بەشە خۆراكی مانگانە لە بایەعی بەسەر هاووڵاتیان دابەش دەكرێت.
بەگوێرەی راپۆرتەكان كە پێشتر بڵاوكراونەتەوە، عێراق یەكێكە لە گەورەترین بەكاربەرانی برنج.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل