بڕیارە سبەی دووشەم 30ی ئادار، دەست بە دابەشكردنی غازی ماڵان لە ڕێگەی بریكارەكانی خۆراكەوە بكرێت و بۆ هەر ماڵێك لە هەڵەبجە بوتڵێك غاز دابین دەكرێت.
ئەو دابەشكردنی غازە لە هەڵەبجە جیاوازە و میكانیزمێكی ترە بەراورد بەناوچەكانی تر، بەڵام بەگوێرەی ئاگادارییەكی پارێزگای هەڵەبجە، بریكارەكانی غاز ناوی بریكارەكانی خۆراكیان لایە و بەپێی ئەو لیستە غازەكە دەگاتە دەستی هاووڵاتییان، هەر خێزانێك تەنیا مافی وەرگرتنی یەك بوتڵ غازی هەیە.
هەروەها پێویستە هاووڵاتی لە كاتی وەرگرتنی غازدا فۆرمی خۆراك یان كارتی نیشتمانیی پێ بێت، بە پێچەوانەوە بێبەش دەبێت. لیژنەی سووتەمەنی دووپاتی لەوەش كردووەتەوە كە بە هیچ شێوەیەك غاز لە ناو كارگەكانی غازدا بە هاووڵاتییان نادرێت، بۆیە داوا دەكەن كەس سەردانی كارگەكان نەكات بۆ ئەوەی جەنجاڵی دروست نەبێت و پرۆسەكە بە ڕێكوپێكی بەڕێوە بچێت.