شارەزایانی ئابووری ئاشكرایان كردووە، وەستانی هەناردەكردنی نەوت بە بڕی 3.4 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا لە مانگی ئاداردا، زیانێكی گەورەی گەیاندووە كە بڕەكەی زیاتر لە هەشت ملیار دۆلارە.
شارەزایان بۆ ڕۆژنامەی "سەباح" دەڵێن: ئەم وەستانە زەبری هەرە گەورەیە لە داهاتی گشتیی وڵات، جگە لەو زیانە مادییانەی بەهۆی هێرشەكانەوە بەر وێستگەكانی نەوت و دامەزراوە ستراتیجییەكان كەوتووە.
یەكێكی تر لە سەرچاوەكانی داهات كە بەتەواوی پەكی كەوتووە، كەرتی فڕۆكەوانییە، پێشتر و لە كاتی ئاساییدا ڕۆژانە زیاتر لە 600 گەشتی ئاسمانی ئەنجام دەدران، بەڵام ئێستە بەهۆی بارودۆخی جەنگ و ناسەقامگیریی ئاسمانییەوە، ئەو سەرچاوەیە بەتەواوی لە دەست چووە.
تێچووی گواستنەوەی كاڵا و شمەك لە ڕێگە وشكانی و دەریاییەكانەوە بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی كرێی گواستنەوە و گرانیی دڵنیایی (تەئمین) بۆ پارێزراوی بارەكان.
ناڕێكی لە بازاڕ و بازرگانیدا بووەتە هۆی گرانبوونی شمەك و كاڵا سەرەكییەكان، ئەمەش فشارێكی دارایی زۆری لەسەر خێزانەكان دروست كردووە و بووەتە هۆی ناسەقامگیریی نرخەكان لە بازاڕە ناوخۆییەكاندا.