ئەنجوومەنی شاری تاران و شارەوانیی شارە گەورەكانی وەك مەشهەد و ئەسفەهان و تەورێز، بڕیاریان دا خزمەتگوزارییەكانی مێترۆ و پاسی خێرا تا كۆتایی مانگی نیسانی 2026 بە بێ بەرانبەر بۆ هاووڵاتییان دابین بكەن .
هاوكات كاركردن بە پلانی سنوورداركردنی هاتوچۆ ڕابگرن، ئەم هەنگاوە وەك ستراتیجی كاتی بۆ كەمكردنەوەی قەرەباڵغیی شەقامە سەرەكییەكان و هاندانی خەڵك بۆ بەكارهێنانی گواستنەوەی گشتی دەبینرێت، ئامانج لێی كەمكردنەوەی بەكارهێنانی سووتەمەنی و پاراستنی یەدەگی بەنزینە لە ئەگەری پەرەسەندنی زیاتری جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل و لێدانی پاڵاوگەكان.
حكوومەتی خۆجێی تاران دەیەوێ لە ڕێگەی ئەم ئاسانكارییانەوە دڵەڕاوكێی خەڵك كەم بكاتەوە. بێ بەرانبەركردنی هاتوچۆ یارمەتی خەڵك دەدات بە خێرایی و بێ تێچوو لە كاتی پێویستدا بگەنە شوێنی مەبەست.
هاوكات ئەم بڕیارانە كە بارگرانیی دارایی لەسەر شانی دانیشتووانی پایتەخت و شارە پیشەسازییەكان كەم دەكاتەوە، ڕێگە خۆش دەكات بۆ جووڵەی خێراتری تیمی فریاگوزاری و هێزەكان لە كاتی پێویستدا.
بەرپرسانی ناوخۆی تاران هۆشدارییان داوە كە لە كاتی لێدانی زەنگی مەترسی، هاووڵاتییان مێترۆكان چۆڵ بكەن، چونكە وێستگەكانی مێترۆ لە هەندێك ناوچە وەك پەناگە بەكار دێن، بەڵام بۆ مانەوەی درێژخایەن مەترسیدارن.
بڕیارە لە كۆتایی مانگدا بەپێی گۆڕانكارییەكانی بارودۆخی سەربازی، بڕیاری نوێ لەسەر درێژكردنەوە یان هەڵوەشاندنەوەی ئەم ئاسانكارییانە بدرێت.
ئێران تووشی قەیرانی قووڵ بووە و حكوومەت دەیەوێ هەرچۆنێك بووە ئەو قەیرانانە ئاسایی بكاتەوە، بەڵام بەهۆی زۆریی بۆردمان و هێرشەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ ژێرخانی وڵاتەكە، توانای كۆنترۆڵكردنی قەیرانەكانی نامێنێت.