ئەوەی هەناردە دەكرێت نەوتی رەشە نەوەك خاو
بە یەك مانگ هێندەی بەرهەمی رۆژێك رەوانە دەكرێت
گواستنەوەی نەوت بە تەنكەرە تێچووەكەی زۆرە
هەناردەی نەوت بۆ سووریا ناچاریی و كاتییە بڕیارێكی ستراتیجی نییە
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە
لێدوانێكدا دووپاتی دەكاتەوە، ئەو نەوتەی بە تانكەر رەوانەی سووریا دەكرێت، ناچارییە و هیچ ئەنجامێكی ئەوتۆی نییە و دەشڵێ، "ئەوەی رەوان دەكرێت نەوتی رەشە و نەوتی خاو نییە، بە مانگێك ئینجا هێندەی یەك رۆژ بەرهەمی نەوتی عێراق هەناردە دەكرێت".
كۆمپانیای سۆمۆ كە تایبەتە بە فرۆشتنی نەوتی عێراق ئاشكرای كرد، دەستیان بە هەناردەی نەوت كردووە بۆ سووریا لە رێگەی تانكەرەوە، ئەمڕۆ چوارشەم یەكی نیسان عاسم جیهاد گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق روونكردنەوەی لەسەر هەناردەكە داوە و دەڵێ، "بژاردەیەكی كاتی و ناچارییە و ستراتیجی نییە". جیهاد باس لەوەیش دەكات ئەوەی بە تانكەر هەناردە دەكرێت، نەوتی رەشە نەك نەوتی خاو، ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكات دەبێت نەوتی رەش خەرج بكرێت و كەڵەكە نەبێت.
"نەوتی خاو ئەو نەوتەیە راستەوخۆ لە كێڵگە هاتووەتە بەرهەم و نەچووەتە پرۆسەی پاڵاوتن و چارەسەرییە، بەڵام نەوتی رەش بەرهەمێكی قورسە دوای پرۆسەی پاڵاوتن دێت وەك سووتەمەنی لە بواری پیشەسازی بەكار دەهێنرێت، بەهاكەی كەمترە لە نەوتی خاو، بەڵام تێچووەكەی زیاترە"، ئەمە روونكردنەوەی عاسم جیهادە، بەر لەوەی باس لە گرنگی هەناردەی نەوت لە رێگەی سووریاوە بكات.
ئینجا دەڵێ، "كەرتی نەوت رووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە دەبێتەوە، بۆڕییەكانی هەرێم سنووردارە، هەندێك لە دەروازەكانی تر وەستاون، جیا لەمەیش بەرهەمی نەوتی رەش بەرز بووەتەوە، بە تایبەتی لە پاڵاوگەكە كۆنەكان، سەرەڕای ئەمانەیش توانای هەڵگرتنی نەوت سنووردارە"، هەموو ئەو كێشانە وا دەكات عاسم جیهاد بڵێ، "گواستنەوە لە رێگەی بۆڕییەوە بە باشترین بژاردە دادەنرێت، دوای ئەو گواستنەوەی دەریایی دێت، تانكەریش دوایین چارەسەرییە كاتێك هیچیتر نەبێت".
گوتەبێژەی وەزارەتی نەوت دەڵێ، "ئەوەی سۆمۆ رای گەیاندووە كە لە رێگەی سووریاوە هەناردە دەكرێت، بڕەكەی مانگانە 650 هەزار تۆنە كە لە مانگی نیسان و ئایار و حوزەیران هەناردەی دەكات، واتە نزیكەی چوار ملیۆن و 850 هەزار بەرمیلە، ئەمەیش هێندەی بەرهەمی رۆژێكی نەوتی عێراقە".
سەرەڕای كەمیی هەناردەكە بەگوێرەی زانیارییەكانی گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، هەناردەكە تێچووی زۆرە، بەڵام ناچارییە و دەبێت رەوانە بكرێت، ئەگەر ئەم كارە نەكرێت ئەوا مادەی نەفسا زۆر كەڵەكە دەبێت و ئەگەری هەیە پاڵاوگەكان پەكبخات. بۆیە كاری لە پێشینەی وەزارەتی نەوت و كۆمپانیای نەوتی سۆمۆ ئەوەیە نەوتی رەش هەناردەی دەرەوە بكرێت.
لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی ئێران و تەنگژەی گەرووی هورمز، عێراق ناتوانێ هیچ نەوتێك هەناردەی دەرەوە بكات و تەنیا ئەوە نەبێت كە لە رێگەی بۆڕییەكانی هەرێمی كوردستانەوە هەناردەی دەكات.