لەبارەی بەشەخۆراكی مانگانە دەنگۆیەك رەت دەكرێتەوە

:: PM:05:18:01/04/2026 ‌
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان، دەنگۆی ئەوەی رەت كردەوە كە بەشەخۆراكی ئەو مووچەخۆرانە ببڕێت كە مووچەكانیان لە سەرووی ملیۆنێك و 500 هەزار دینارەوەیە. 

ئەمڕۆ چوارشەم؛ یەكی نیسانی 2026، نەوزاد شێخ كامل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی، بە "وشە"ی راگەیاند، لە هەرێمی كوردستان بەشەخۆراكی هیچ فەرمانبەرێك نەبڕدراوە، بەتایبەت ئەوانەی مووچەكانیان لە ملیۆنێك و 500 هەزار دینار زیاترە، هیچ لیستێكیش لەبارەی بڕینی بەشەخۆراكەوە ئاڕاستەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق نەكراوە.

بەپێی بڕیارێكی ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق و وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵ، هەر فەرمانبەرێك مووچەکەی لە سەرووی ملیۆنێك دینارەوە بێت، بەشەخۆراكی خۆى لێ دەبڕدرێت، و ئەوانەی مووچەكانیان لە سەرووی ملیۆنێك و 500 هەزار دینارەوە بێت، بەشەخۆراكی تەواوی خێزانەكەیان لێ دەبڕدرێت.

ساڵانیكی زۆرە دەنگۆیەكی لەم جۆرە هەیە، بەڵام نە لە عێراق و نە لە هەرێمی كوردستان بڕیارەكە نەكەوتووەتە واری جێبەجێ كردنەوە.


وشە - وشه‌